راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆ لەسەر هەڕەشەكردنی چەند لایەنێك لە وڵاتێكی دراوسێ، راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە و دووپاتی دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان فاكتەری سەقامگیریی و ئارامی بووە لە ناوچەكەدا رێگەش نادات هیچ لایەنێك، هەرێمی كوردستان لە دژی هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكاربهێنێت.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 22-2-2026، بڵاویكردووتەوە، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چەند لایەنێك، راگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە كە تێیدا هەڕەشەیان لە وڵاتێكی دراوسێ كردووە، لەم ڕووەوە بە پێویستی دەزانین دووپاتی بكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە فاكتەری سەقامگیریی و ئارامی بووە لە ناوچەكەدا و هیچ كاتێك سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ ئاسایشی هیچ وڵاتێكی دراوسێ و ڕێگەش نادات، هیچ لایەنێك، هەرێمی كوردستان لە دژی هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكار بهێنێت.
راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ وەك كاردانەوەیەك دێت بەرامبەر راگەیەندراوی هاوبەشی پێنج حزبی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە تێیدا پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكیان راگەیاند بەناوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران و روونیانكردەوە كە ئامانجە سەرەكی و هاوبەشەكانیان لەو هاوپەیمانییەدا خەباتە بۆ رووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران.