راچڵەكین -
محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ تۆم باراك كۆدەبێتەوەو هەردولا جەخت لە پەنابردنەبەر دیالۆگ و گرتنبەری رەوتی دیپلۆماسی دەكەنەوە لەپێناو بەرگرتن لە پەرسەندنی هەرێمایەتی.
ئەمڕۆ یەكشەممە 22-2-2026 لەشاری بەغدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، پیشوازی لە تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سووریا كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەویاندنی سودانی، لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەكانی دووقۆڵییەكانی نێوان عیراق و ئەمریكا و دۆخی ناوچەكە بەگشتی و رۆڵی عیراق لە پاڵپشتیكردنی سەقامگیری هەرێمایەتی، بەتایبەتیش سەقامگیری لە سووریا.
هەردوولا جەختیانكردەوە لەسەر بەرگرتن لە پەرەسەندنی هەرێمایەتی و گرنگیی پەنابردن بۆ دیالۆگ و رەوتی دیپلۆماسی لەپێناو چارەسەركردنی ناكۆكییەكان، هەروەها باسیان لە دەرفەتەكانی هاوكاریی ئابووری و پشتگیریكردنی پەرەپێدانی گشتگیر لەمەودای دووردا.
سەرۆكوەزیرانی عیراق بەپێویستی زانی چارەسەری كێشە قووڵەكان بكرێت و رێگری لە هێرش و بەزاندنی سەروەریی وڵاتان و گەلانی ناوچەكە بكرێت. لە بەرتامبەردا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بە بایەخی رۆڵی عیراق كرد لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە و كەمكردنەوەی گرژییەكان، پاڵپشتیكردنی دیالۆگ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.