راچڵەكین -
پۆلیسی راپەڕین دەستگیركردنی باندێك رادەگەیەنێت، كە لەناو شاری رانیە چەندین تاوانی دزیكردنیان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، كە ئەمڕۆ سێشەممە 24-2-2026 بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی لە نووسینگەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە سكاڵایان لەسەر چەند تۆمەتبارێك تۆماركرد كە لە چەند شوێنێك و كاتی جیاوازدا لەشاری ڕانیە، بەرامبەر بازاڕی میوەفرۆشان و لە گەڕەكی كێوەڕەش و چەند شوێنێكی تری رانیە، ماتۆڕسكیلی دوو تایەیان لێ دزراوە، هێزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رانیە دوای بەدەستهێنانی زانیاری و ئاشكراكردنی ناسناكەی تۆمەتبارەكان، توانییان سێ تۆمەتبار لەناو شاری رانیە دەستگیر بكەن.
هەرسێ تۆمەتبارەكە بەناوەكانی (ئ. ع . ش) و (د . د .م) و (ب . هـ . م)، كە سەرجەمیان لەڕەگەزی نێرن و نەوجەوانن، لەبەردەم پۆلیـس و دادوەر دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە كە هەستاون بە دزینی دوو ماتۆڕسكیل كە هی سكاڵاكارانن، هەروەها دانیان ناوە بە دزینی دوو ماتۆڕسكیلی تریش، كە سەرجەم ماتۆڕسكیلە دزراوەكان ژمارەیان چوار دانەن، هەر بەوتەی خۆیان ماتۆڕسكیلەكانیان فرۆشتووە.