راچڵەكین -
لە هەولێر پێگەیەكی شوێنەواریی كۆن دۆزرایەوە كە زیاتر لە 100 كەلـلەی سەری مرۆڤ و پارەی كۆن و خشڵ و گۆزەی تێدایە.
بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر بڵاویكردەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا تیمی شوێنەواریی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر، لە ناوچەی باغلومنارەی شاری هەولێر، پێگەیەكی شوێنەوارییان دۆزییەوە، كە گۆڕێكی بەكۆمەڵە و پێدەچێت مێژووەكەی بۆ نزیكەی هەزار و 400 ساڵ لەمەوبەر بگەڕێتەوە.
لەو شوێنەدا تائێستا پاشماوەی زیاتر لە 100 كەلـلەسەری مرۆڤ و پارەی كۆن و دوو خڕخاڵی بڕۆنز و دوو مرواری ملوانكە و بازنێكی ئاسن و چوار پارچە گۆزە لەگەڵ تەرمەكاندا دۆزراونەتەوە و بۆ یەكلاییكردنەوەی ڕاستییەكانیش، نموونەی DNA ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كراوە بۆ پشكنینی وردی زانستی.
وەك لە راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر هاتووە، ئەو پێگە شوێنەوارییە لە نزیك شەقامێكی گەڕەكی باغلومنارەی شاری هەولێرە و لەكاتی كاركردندا كرێكارەكان ژمارەیەك ئێسكەسەری مرۆڤیان بینیوە و دواتر تیمەكان ئاگاداركراونەتەوە و دوای كنەوپشكنینی پێگەكە، دەركەوتووە كە شوێنەوارێكی مێژوویییە و ژمارەیەك سكەی زیو و زیاتر لە 100 كەلـلەسەری مرۆڤ و پارەی كۆن و دوو خڕخاڵی بڕۆنز و دوو ملوانكەی مرواری و بازنێكی ئاسن و چوار پارچەی گۆزە لەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە.