ئەو تۆمەتبارەی دزیی لە ژنێكی بەساڵاچوو كردبوو دەستگیركرا

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 98

راچڵەكین -

پۆلیسی چەمچەماڵ ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیركرد كە لە ناحیەی شۆڕش هەڵیكوتابووە سەر ماڵی ژنێكی بەساڵاچوو و دوای ئەشكەنجەدانی، ئاڵتونەكانیشی دزیبوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ، تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە هەڵیكوتابووە سەر ماڵی پووری خۆی و دوای ئازاردان و ئەشكەنجەدانێكی زۆرو برینداركردنی، ئاڵتوونەكانی دەدزێت و هەڵدێت.

رووداوەكە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 24-2-2026 روویدابوو، وەك لە راگەیەندراوەكەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، تۆمەتبارێكی دەمامكدار هەڵیكوتابووە سەر ماڵی ژنێكی بەساڵاچوو كە بەتەنها دەژیا، دوای ئەوەی تۆمەتبار ژنەكە دەبەستێتەوەو ئازارو ئەشكەنجەیەكی زۆری دەدات تا لەهۆش خۆی دەچێت، دواتر ئاڵتوونەكانی دەدزێت و هەڵدێت.

لەدوای رووداوەكە، دەستبەجێ بڕیاری دادوەر وەرگیراو هێزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە دەستپێكرد و سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت و دەستیش بەسەر ئاڵتوونە دزراوەكەدا گیرا.

تۆمەتبارەكە ناوی (ش، ع، ح) لەدایكبووی 1987ە، لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت كە تۆمەتبار خوشكەزای سكاڵاكارە، لەئێستاشدا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی (٤٤٣) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن