ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم سێ پرس تاوتوێ دەكات

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 76

ئەرشیف

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی سێ پرس لەكۆبوونەوەدایە، لەنێویاندا پرسی مووچەی فەرمانبەران و درێژكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی سزاكانی سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی (20%) بۆ شەش مانگی دیكە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، كۆدەبێتەوە. لە كۆبوونەوەكەدا سێ بڕگەی سەرەكی گفتوگۆ دەكرێن:

- لە بڕگەی یەكەمدا، بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دواهەڵوێستی بارودۆخی دارایی هەرێم و خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆران و بەدواداچوونی دەرئەنجامی كۆبوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم لەبارەی پابەندیی دارایی هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێم لە بەرامبەر یەكتر گفتوگۆ دەكرێت.

- لە بڕگەی دووەمدا، هەنگاوەكانی ئەم دواییە سەبارەت بە كەوتنەبواری جێبەجێكردنی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەی سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە تاووتوێ دەكرێ.

- لە بڕگەی سێیەمدا، گفتوگۆ دەكرێت لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ، تایبەت بە درێژكردنەوەی ماوەی كاركردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (282) لە ڕێكەوتی 18ی حوزەیرانی 2025، تایبەت بە لێخۆشبوونی سزاكانی سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی (20%) بۆ شەش مانگی دیكە تاكوو 30ی حوزەیرانی 2026.

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن