ئێران بۆ ترەمپ: درۆزانانی پیشەگەر؛ كارامەییەكی تایبەتیان هەیە لە دروستكردنی راستی ساختەدا

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 69

راچڵەكین-

حكومەتی ئێران لەڕێی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە وەڵامی ووتارەكەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكای دایەوەو رایگەیاند:" درۆزانانی پیشەگەر؛ كارامەییەكی تایبەتیان هەیە لە دروستكردنی راستی ساختەدا."

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026 ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند " درۆ بكە.. درۆ بكە.. تا دەبێتە ڕاستی و باوەڕت پێدەكەن" ئەم بنەمایە لەلایەن جۆزێف گۆبلەر- وەزیری هەواڵگری ئەڵمانیا و راوێژكاری ئەدۆڵف هێتلەر داهێنراو بەشێوەیەكی بەرفراوان پیادەی دەكرد.

" ئەم بنەمایە لەئێستادا بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەلایەن حكومەتی ئەمریكاو ئەو كەسانەی سەریان لەشەڕ دەخورێت، پەیڕەو دەكرێت بەتایبەت رژێمی ئیسرائیلی بەئاماناجی بڵاوكردنەوەی زانیاری نا دروست و چەواشەكار دژی گەلی ئێران" بەقائی وا دەڵێت.

وتەبێژەكەی دەرەوەی ئێران دەڵێت:" ئەو بانگەشانەی دەكرێن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و مووشە بالیستییە كیشوەربڕەكانی و ژمارەی قوربانیانی مانگی كانوونی دووەم، تەنها دووبارەكردنەوەی زنجیرەیەك درۆی قەبەن و نابێت هیچ كەس بڕوایان پێبكات.

دۆناڵد ترەمپ لەبەشێكی ووتاری ساڵانەی خۆیدا لەبەردەم كۆنگرێسی ئەمریكا، پەیامێكی توندی ئاراستەی تاران كرد و وتی: "باشترە كێشەكان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بكرێن، بەڵام خاڵێك روونە؛ هەرگیز رێگە نادەم گەورەترین پاڵپشتیكاری تیرۆر لە جیهاندا، ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئەمەش رەنگە ئەو پەیامەبێت كە تا ئێستا ئێرانییەكان نەیانبیستووە."

"ئێران هەوڵی پەرەپێدانی توانا مووشەكییەكانی دەدات، بە مەرامی ئەوەی مووشەكەكانی بگەنە ئەمریكا، بەڵام من ئامانجمە، ئەم كێشەیە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بكەم". دۆناڵد ترەمپ وا دەڵێت.

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن