بەغداد بڕیارێك لەبارەی هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشنێتەوە

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 717

راچڵەكین-

بڕیارێكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی عیراق لەبارەی قەدەغەكردنی گواستنەوەی زێڕ و مۆبایل لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی، هەڵوەشێنرایەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026 جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراق، رایگەیاند ئەو نووسراوەی كە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنیی عیراقی ئاراستەی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی كردبوو، لەبارەی قەدەغەكردنی هاوردەكردن و گواستنەوەی زێڕ و مۆبایل لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، "هەڵوەشایەوە و كاری پێ ناكرێت". وەك ڕووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
هەر ئەمڕۆ نووسراوی هەڵوەشانەوەی بڕیارەكە، بۆ هەموو كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی دەنێردرێت.  
 
بڕیارەكەی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی عیراق لەسەر ئەو بنەمایە درابوو كە ئۆفیسی دەزگای پێوانەسازیی و كۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لە هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی تایبەت بە پشكنین بۆ زێڕ بوونی نەبووە.
 
لەلایەن خۆیەوە، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، رایگەیاند: "دەبێت ئۆفیسی دەزگای پێوانەسازیی و كۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لە هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی بكرێتەوە، هاوشێوەی فڕۆكەخانەكانی بەغدا، بەسرە، نەجەف و كەركووك."

" هەرێمی كوردستان خۆی پشكنین بۆ زێڕی هاوردەكراو دەكات و وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاگاداری چۆنیەتی هاوردەكردن و پشكنینەكان نییە لەو دوو فڕۆكەخانەیە." هنداوی وا دەڵێت.

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن