چوارچێوەی هەماهەنگی چارەنووسی مالیكی یەكلا دەكاتەوە

عێراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 222

راچڵەكین-

هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەكی چارەنوسساز ئەنجامدەدەن، بۆ دیاریكردنی چارەنووسی نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئاخۆ وەك كاندیدی چوارچێوەكە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دەمێنێتەوە یاخود دوور دەخرێتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026  چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری كۆتایی خۆی لەسەر مالیكی بدات، ئەوەش لەكاتێكدایە تا دێت گوشارەكانی ئەمریكا بۆ وەرنەگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عیراق لەلایەن مالیكی زیاتر بوون. 

لەكۆبوونەوەی سێشەممەی رابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی هەریەك لە كوتلەكانی ڕەوتی حیكمەبە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم و ئەساعیب ئەهلی حەق بە سەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی ئامادەنەبوون، هاوكات كوتلەی ئاوەدانی و گەشەپێدان كەلەلایەن محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق سەرۆكایەتی دەكرێـت پشتیوانیكردنی لە نوری مالیكی كشاندووەتەوە لە هەنگاوێكدا كە لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە وەك گورزێكی كوشندە وابوو بۆ یەكڕیزییە دەڵەمەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی.

سەرچاوەیەكی ئاگادار كە داوای كردووە ناوی بڵاونەكرێتەوە بە شەرقولئەوسەتی وتووە، ئەو مۆڵەتەی كە ئەمریكا داویەتی بە عیراق بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە لەئاست خواستەكانی ئەمریكاو ناوچەكەدا بێت، سبەینێ هەیینی كۆتایی دێت، ئەوەش وا دەكات هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی یان وەڵامی داخوازییەكانی ئەمریكا بدەنەوە یان ئەوەتا ڕەتیبكەنەوە، كەئەوەش عیراق ڕووبەڕووی لێكەوتە و سزای تووند دەكاتەوە.

لە دواهەمین پەیامیشیدا نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی  دەوڵەتی یاسا ڕەتیكردەوە مل بۆ فشارەكانی ئەمریكا بدات و ئامادەنەبوو بكشێتەوە، هەربۆیە لەئێستادا تۆپەكە لەگۆڕەپانی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە و عیراقییەكان چاوەڕێی دوكەڵی سپی كۆبوونەوەكەیان دەكەن. 

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن