راچڵەكین -
حكومەتی ئیسرائیل مۆڵەتی كاركردنی دەیان رێكخراوی نێودەوڵەتی لە غەززە هەڵدەوەشێنێتەوەو كارمەندەكانیشیان ناچار بە جێهێشتنی كەرتی غەززە دەكات.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، كارمەندانی 37 رێكخراوی نێودەوڵەتی، لەوانەش رێكخراوی پزیشكانی بێ سنوور، كەرتی غەززەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەیانان، ئەمەش دوای بڕیارێكی حكومەتی تەلئەڤیڤ بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی كاركردنی ئەو رێكخراوانە لە كەرتی غەززە.
رێكخراوی پزیشكانی بێ سنوور لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-2-2026، زیاتر لە 55 كارمەندیان كە لە كەرتی غەززە كاریان دەكرد، لەڕێگەی دەروازەی كەرەم ئەبو سالم، خاكی غەززەیان بەرەو میسر جێهێشت بۆئەوەی دواتر بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان، ئەمەش دوای كۆتایی هاتنی ئەركەكانیان.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتیكاركردنی ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییانە، رەتكردنەوەی مەرجە نوێیەكانی حكومەتی ئیسرائیل بووە سەبارەت بە شێوازی كاركردنی رێكخراوەكان لە كەرتی غەززە، لەوانەش چاودێریكردنی سەرجەم كارمەندانی ئەو رێكخراوانە و پشكنینی ئەمنیی توندوتۆڵ، بەو هۆیەشەوە ئیسرائیل بڕیاریدا مۆڵەتی كاركردنیان هەڵوەشێنێتەوە.
رێكخراوی پزیشكیانی بێ سنوور لە راگەیەندراوەكەیدا هۆشداری داوە لە خراپتربوونی دۆخی ئاوارەكانی كەرتی غەززە بەهۆی كۆتایی هاتنی كارەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە ناوچەكەدا، بەتایبەتیش كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەبوارەكانی چاودێری تەندروستی، ئاسایشی خۆراك و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە.