راچڵەكین-
وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندەدات بۆ نێوەندگیری نێوان ئەفغانستان و پاكستان، لەهەوڵێكدا بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو بارگرژییەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا ڕوویداوە.
ئەمڕۆ هەیینی 27ی شوباتی 2026 عەباس عێراچی رایگەیاند، مانگی ڕەمەزان هەلێكە بۆ بەهێزكردنی تەقواو یەكگرتوویی لە جیهانی ئیسلامدا، داوای لەهەریەك لە ئەفغانستان و پاكستانیش كرد ناكۆكییەكانیان لەچوارچێوەی دراوسێیەتی باش و لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكەن.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت خواجە ئاسف، وەزیری بەرگری پاكستان لە سەكۆی ئێكس رایگەیاندووە:" چیتر توانای دان بەخۆدا گرتنمان نەماوە، لەمەودوا جەنگێكی كراوە لەنێوان ئێمە و ئێوەدا هەیە."
وتیشی، هێرشیان كردووەتە سەر چەند پێگەیەكی تاڵیبان لە كابول و قەندەهار. ئەوەش دوای زنجیرەیەك هێرشی ئەفغانستان بۆسەر ژمارەیەك پێگەی سەربازی پاكستان لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات.
لەبەرامبەردا، زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی حكومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، دوای هێرشەكانی سوپای پاكستان بۆسەر شارەكانی كابول و قەندەهار، ئەوانیش هێرشیانكردووەتە سەر سوپای پاكستان لەسنوورە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات.