راچڵەکین-
وەزارەتی بەرگریی قەتەر ڕایگەیاند کە هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە دوو فڕۆکەی جەنگیی جۆری SU-24 بخەنە خوارەوە کە لە لایەن ئێرانەوە بەرەو ئاسمانی وڵاتەکەیان هاتبوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی قەتەر بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی ٧ مووشەکی بالیستییان داوەتەوە و ڕێگرییان لە پێکانی ئامانجەکانیان کردووە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی قەتەر توانیویانە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) تێکبشکێنن کە بە ئاراستەی خاکی وڵاتەکەیان ڕەوانە کرابوون.
لە کۆتاییدا وەزارەتی بەرگریی قەتەر دووپاتی کردەوە کە توانیویانە سەرجەم ئەو مووشەکانە بخەنە خوارەوە کە کرابوونە ئامانج و هێزەکانیان توانای تەواویان هەیە بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک.