حاڵەتی ئامادەباشیی لە كەركوك رادەگەیەنرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 186

راچڵەكین -

بەهۆی پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بەخوڕی بارانبارین و ئەگەری دروستبوونی لافاو، شانەی قەیرانەكان لە پارێزگای كەركوك حاڵەتی ئامادەباشی رادەگەیەنێت و داواش لە هاووڵاتییان دەكات لە رێڕەوی ڕووبار و دۆڵەكان نزیك نەبنەوە.

دیوانی پارێزگای كەركوك لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 24-3-2026 بڵاویكردووەتەوە، ئاگاداریی هاووڵاتیانی پارێزگاكەی كردووەتەوە كە بە پشتبەستن بەو راپۆرتانەی لەلایەن ناوەندی نیشتمانیی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەكان دەرچوون، پێشبینییەكان ئاماژە بەوە دەكەن پارێزگاكە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ناسەقامگیرییەكی كەشوهەوا و بارانێكی بەخوڕ، كە پێشبینی دەكرێت لە ڕێكەوتی ٢٠٢٦/٣/٢٦ بگاتە لووتكە، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و زیادبوونی رژانی ئاو و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەندێك ناوچەدا.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەم چوارچێوەیەدا شانەی قەیران و كارەساتەكان لە پارێزگای كەركوك جەخت دەكاتەوە كە تەواوی ڕێكارە خۆپارێزییەكانی گرتووەتەبەر و ئاستی ئامادەباشیی بۆ بەرزترین پلە بەرزكردووەتەوە.

دیوانی پارێزگای كەركوك ئاماژەی بەوەشكردووە، كە فەرمان بە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كراوە ئامێرە تایبەتمەندەكان و تیمەكانی فریاكەوتن ئامادە بكەن بۆ ئەوەی بە شەو و ڕۆژ (٢٤ كاتژمێر) كار بكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر بارودۆخێكی نەخوازراو.

هاوكات، شانەی قەیرانەكان لە پارێزگای كەركوك داوای لە هاوڵاتیانی پارێزگاكە كردووە، دووربكەونەوە لە نزیكبوونەوە لە رێڕەوی ڕووبار و دۆڵەكان لە كاتی بارانباریندا سەركێشی نەكەن لە بڕینی ئەو ڕێگایانەی ئاو دایپۆشیون، هەروەها پاپەندبن بە ڕێنماییەكانی لایەنە فەرمییەكان و میدیا حكومییەكان و لە كاتی هەر حاڵەتێكی كتوپڕدا، دەستبەجێ لە ڕێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە پەیوەندی بكەن و هەواڵ بدەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن