راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی عیراق لەبارەی ئەگەری دروستبوونی لافاو بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی بەخوڕی بارانبارین، هۆشداریی بە دانیشتووانی چەند شارێك دەدات و داواشیان لێدەكات لە ناوچە نزمەكان و نزیك رووبار و دۆڵەكان دووربكەونەوە.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 24-3-2026 بڵاویكردەوە، وەزارەتی ناوخۆی عیراق داوای لە دانیشتووانی پارێزگاكانی كەركوك، واست، دیالە، ئەنبار و سەڵاحەدین كردووە ئاگاداریی خۆیان بن و لە رێڕەوی رووبار و دۆڵەكان و ناوچە نزمەكان دووربكەونەوە، ئەوەش بەهۆی پێشبینیی هاتنی شەپۆلێكی بەخوڕی بارانبارین، كە ئەگەری هەیە لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لێبكەوێتەوە.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرجەم پێكهاتە ئەمنییەكان و تیمەكانی بەرگریی شارستانی خراونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هاوكات داواشی لە هاووڵاتیان كردووە پابەندی رێنماییەكانی سەلامەتی بن و سەركەشیی نەكەن بە نزیكبوونەوە لەو ناوچانەی كە مەترسیی كۆبوونەوەی ئاویان لێدەكرێت.