راچڵەكین-
قائیمقامییەتی سلێمانی بۆ دابەشكردنی غازی ماڵان بەسەر هاوڵاتییاندا، بڕیارێكی نوێ دەردەكات، لەپێناو ئەوەی زۆرترین هاوڵاتی غازی بەربكەوێت.
قائیمقامییەتی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026 بڵاویكردووەتەوە:" ئاگاداری هاوڵاتیان دەكەین كە لە گەڕەكەكانی خۆیان چاوەڕێی وەرگرتنی غاز دەكەن، یان لە سەرەكانی وەرگرتنی غازدان، پێویستە كۆبونی بایەعی ئەسڵی ساڵی (2020 بۆ 2021) یان تازەترینیان پێبێت بۆ وەرگرتنی غاز."
لەدوای هەڵایسانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیل، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لەهەرێمی كوردستان، بەرهەمهێنانی غازیان ڕاگرت یاخود بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمكردەوە، ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی غاز لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و نرخی غازی ماڵان بەرزبوەوە.
لەشاری سلێمانی دابەشكردنی بتڵێك غاز لەڕێی بریكارەكانەوە بەنرخی ئاسایی خۆیەتی كە بڕەكەی هەشت هەزارو 500 دینارە، بەڵام ئەوە زۆرجار دەست هاوڵاتیان ناكەوێت، هەر بۆیە بەناچاری پەنا دەبەنە بەر كڕینی غاز بەشێوەی بازرگانی كە لەئێستادا نرخەكەی لەنێوان 20 بۆ 25 هەزار دینارە.