راچڵەكین-
میدیایی ئێران ئەو 10 خاڵەی بڵاوكردەوە كەلەلایەن ئەو وڵاتە وەك پێشنیاری دەستپێكردنەوەی دانووستان لەگەڵ ئەمریكا خستوونییەتە ڕوو.
دوای راگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئێران و ئەمریكا، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەڕاگەیەندراوێكدا جەختی لەسەر سەركەوتنی مەیدانی و سیاسیی وڵاتەكەی كردووە بەرانبەر بەو هەڕەشانەی لە ماوەی رابردوودا ئاراستەیان كراوە.
هاوكات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەلێدوانێكدا رایگەیاند، لەلایەن ئێرانەوە پێشنیارێكی 10 خاڵیان بەدەستگەیشتووە وەك بنەمایەك بۆ دانووستانی نێوانیان.
هەرچەندە ترەمپ، ناوەڕۆكی ئەو پێشنیارەی ئاشكرا نەكرد، بەڵام میدیای ئێران پێشنیارە 10 خاڵییەكەی بڵاوكردووەتەوە كە بریتین لە:
1- پابەندبوونی ئەمریكاو گەرەنتی كردنی ئەوەی جارێكی تر هێرش نەكرێتە سەر ئێران.
2- بەردەوامبوونی كۆنترۆڵی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا.
3- ئێران بەردەوام دەبێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم.
4- هەڵگرتنی سەرجەم سزاكانی سەر ئێران.
5- هەڵگرتنی هەموو ئابڵووقە لاوەكییەكان.
6- كۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارنامەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دژی ئێران.
7 كۆتایی هێنان بە بڕیارەكانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لەدژی ئێران.
8- قەرەبووكردنەوەی ئێران بەرامبەر ئەو زیانانەی بەهۆی هێرشەكانەوە لێی كەوتوون.
9- كشانەوەی هێزە جەنگییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.
10- راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەكان و راگرتنی جەنگ دژی حزبوڵای لوبنان.