نهێنییەكانی پشت پەردەی ئازادكردنی رۆژنامەنووسە ئەمریكییەكە ئاشكرا دەكرێن

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 235


راچڵەكین-

هەفتەیەك دوای ڕفاندنی شێلی كیتلسۆن، رۆژنامەنووسی ئەمریكی لەلایەن كەتیبەكانی " حزبوڵڵا لەعیراق" دواجار ئەو خانمە رۆژنامەنووسە بەمەرج ئازاد كرا.

سەرچاوەیەكی ئەمنی هەواڵگری عیراق بە ئاژانسی حوڕەی ئەمریكی راگەیاندووە، ئازادكردنی شێلی دوای دانووستانی حكومەتی عیراق لەگەڵ ئەو گرووپە چەكدارەكدا هاتووەو، دوای ئازادكردنیشی رادەستی كونسوڵخانەی ئەمریكا كراوە لەبەغداد.

هاوكات سەرچاوەیەكی حكومی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، دەزگای هەواڵگری عیراق رۆڵی سەرەكی بینیوە لەئازادكردنی شێلی، جگە لەوە بەشێك لە سیاسەتمەدارانی شیعە، هاوكاری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانیان كردووە لە فشارخستنە سەر حزبوڵڵا بۆ ئازادكردنی ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریكییە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو ماڵپەرە ئەمریكییە، كەتیبەكانی حزبوڵڵا بەنیاز نەبوون شێلی ئازاد بكەن، بەڵام دەستگیركردنی شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی رۆژنامەنووسەكەی پێ رفێندرا " ئەمیر جەبار ڕەحیم" جۆرێك لەفشاری خستە سەر گرووپەكە كە نەیاندەتوانی چاوپۆشی لێبكەن یاخود بیشارنەوە.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی بەشێك بووە لە پرۆسەی گواستنەوەو رادەستكردنی شێلی لەو شوێنە نهێنییەی تێیدا دەستبەسەركراوە تا گەیەندراوەتە ناوچەی سەوز كە بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكای لێیە. لە پرۆسەكەشدا دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بەشداری كارای هەبووە.

ئازادكردنی شێلی كیتلسۆن، هەروا بەخۆشی تێنەپەڕیوە، بەڵكو لەبەرامبەردا حكومەتی عیراق ناچاربووە چەند مەرجێكی قورس جێبەجێ بكات، لەوانەی ئازادكردنی ژمارەیەك چەكداری گرووپی حزبوڵڵا كە بەتۆمەتی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەعیراق دەستگیركرابوون.

بەووتەی سەرچاوەیەكیش لەحەشدی شەعبی، لانی كەم 16 چەكداری حزبوڵڵا بەرامبەر ئازادكردنی شێلی ئازادكراوون، بەڵام سەرچاوەیەك لە حكومەتی عیراق دەڵێت ئەوانەی ئازادكراون شەش چەكداربوون.

شێلی كیتلسۆن بەرۆژی ڕووناك و لە 31ی ئاداری ڕابردوو لەناوەڕاستی بەغداد لەلایەن ژمارەیەك چەكداری حزبوڵڵا ڕفێندرا، لەكاتی ڕاوەدوونانی رفێنەرانیش، ئۆتۆمبێلەكەیان وەرگەڕاو شۆفێرەكەی دەستگیركرا، كە بووە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ دۆزینەوەی ئەو لایەنە رۆژنامە نووسە ئەمریكییەكەی رفاندووە، رۆژی 7ی ئەم مانگەش شیلی ئازادكرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن