راچڵەكین-
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێـت، شەوی رابردوو چەند هێرشێكی درۆنی كراونەتە سەر شوێنی جیاوازو تێكشكێندراون.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەیینی 10ی نیسانی 2026 لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە:" سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە پاڵپشتیكردن لە ئاشتی و سەقامگیریی بووە و بەشێك نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژی و سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەكە، شەوی پێنجشەممە 9ی نیسانی 2026 و لە چەند كاتی جیاوازدا چەند هێرشێكی درۆنی كراونەتە سەر شوێنی جیاواز لە هەرێمی كوردستان و لە ئەنجام تێك شكێندراون و كەوتوون".
"هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیان چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی دۆخەكەیان دەكرد، بەڵام بەداخەوە تیرۆیست و خراپەكاران كە چاویان بە ئارامی و پێشكەوتنی وڵاتەكەمان هەڵنایە، لە نانەوەی پشێووی بەردەوامن. " وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە.
لەكۆتایی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە:"جەخت لە پشتگیری ئاشتی و ئۆقرەیی دەكەین و، داوا لەهەموو لایەك دەكەین كە ئەو هێرشانە رابگرن و چیتر سەقامگیری و ئۆقرەیی كوردستان و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان نەكەنە ئامانج."