راچڵەکین-
شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، لە ئیسلام ئاباد لەگەڵ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.
نووسینگەی شەریف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: کۆبوونەوەکە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی بەڕێوەچووە و سەرۆک وەزیران جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوون لە ئاسانکارییکردن بۆ پێشکەوتن بەرەو بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا کردووەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد لە ئەمڕۆدا، محەمەد شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان لەگەڵ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە: سەرۆک وەزیران جەختی لە پەرۆشی پاکستان بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن لەسەر ئاسانکارییکردن بۆ هەردوولا کردووەتەوە، تاوەکو بەرەو بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا پێش بکەون.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، شەریف هیوای خواستووە کە ئەم گفتوگۆیانە ببنە خاڵی دەستپێک بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر، لە کاتێکدا ڤانس گەشبینییەکی وریایانەی بەرامبەر ئەنجامەکان نیشانداوە و هۆشداریی داوە کە هەر هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لەو پڕۆسەیە، بە وەڵامێکی توند ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
هاوکات لە هەمان چوارچێوەدا، دەسەڵاتدارانی پاکستان ڕێکارە ئەمنییەکانیان لە ئیسلام ئاباد توندتر کردووەتەوە، بە شێوەیەک نزیکەی ١٠ هەزار ئەندامی سوپا و پۆلیس و هێزە نیمچە سەربازییەکانیان بۆ پاراستنی گفتوگۆکان بڵاوە پێکردووە و "ناوچەی سوور"یان داخستووە کە بارەگا حکومی و دیپلۆماسییەکانی تێدایە.