راچڵەكین-
دوای شكستی دانووستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ناكۆكی لەبۆچوونەكان هەبوو لەسەر دوو دۆسێی گرنگ، هەر ئەوەش بووە هۆی نەگەیشتن بەرێكەوتن.
هەرچەندە ئەو بەرپرسە ئێرانییە ناوەڕۆكی ئەو دوو دۆسێیەی ئاشكرا نەكرد، بەڵام پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناوەڕۆكی دانووستانەكانی ئەمریكاو ئێران كە رۆژی شەممە 11ی نیسان لەئیسلام ئاباد دەستیانپێكردو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە بەردەوام بوو، بڵاویكردووەتەوە، خاڵی ناكۆكی دانووستانەكان پەیوەست بوون بە داواكرای ئێران بە كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمزو دەستبەردارنەبوونی بە یۆرانیۆمە پیتێنراوەكانی.
بەگوێرەی ئەكسیۆس بێت، لەكاتی بەڕێوەچوونی دانووستانەكاندا، شاندی ئەمریكا بەبەردەوامی پەیوەندیان هەبووە بە بەرپرسانی باڵای وڵاتەكەی خۆیانەوە لەنێویاندا، وەزیرانی دەرەوە، جەنگ، گەنجینە و فەرماندەی سێنتكۆم، جگە لەوە جەی دی ڤانس، لەكۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەیدا رایگەیاند، لەماوەی دانوستانەكانیان لەگەڵ ئێران لانی كەم شەش جار پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكاوە كردووە.
ڤانس لەبەشێكی تری لێدوانە رۆژنامەوانییەكەیدا، سەرباری ئەوەی ئاماژەی بەشكستی دانووستانەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێران كرد لەهەمان كاتدا ووتی:" لەدانووستانەكاندا هێڵە سوورەكانی ئەمریكامان بۆ ڕوونكردوونەتەوە."