راچڵەكین-
چاوەڕێ دەكرێت جی دی ڤانس-ی جێگری سەرۆكی ئەمریكا، سەرۆكایەتی شاندی ئەو وڵاتە بكات لە ئەگەڕی بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانووستانەكان لەگەڵ ئێران، پێش كۆتایی هاتنی ماوەی ئاگربەستی نێوانیان.
چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە تۆڕی سی ئێن ئێن-یان راگەیاندووە، شاندی دانووستانكاری ئەمریكا لە هەریەك لە جەی دیی ڤانس، ستیڤ وێتكۆڤ، نێردەی تایبەتی واشنتۆن و جارید كۆشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ پێكبێت.
بەووتەی ئەو سەرچاوانە، دۆناڵد ترەمپ ئەو سێ كەسەی راسپاردووە دەرچەیەكی دبلۆماسی بۆ جەنگەكە بدۆزنەوە، بەتایبەت دوای شكستهێنانی گەڕی یەكەمی دانووستانەكان.
وەك سی ئێن ئێن بڵاویكردووەتەوە، ڤانس، ویتكۆف و كوشنەر لە ڕۆژانی دوای گەڕی یەكەمی دانووستانەكان كە 21 كاتژمێری خایاند، لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، بەردەوام بوون لە پەیوەندی لەگەڵ ئێرانییەكان و نێوەندگیران.
هاوكات دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەی نیویۆرك پۆستی راگەیاندووە:" پێدەچێت لە دوو رۆژی داهاتوودا شتێك لە پاكستان ڕووبدات".
لەبەرامبەردا بەرپرسانی عەرەبی، پاكستانی و ئێرانی بەدووریان نەزانیوە هەردوو تیمی دانووستانكاری ئەمریكی و ئێرانی لەم هەفتەیەدا لە ئیسلام ئاباد جارێكی تر كۆببنەوە، هەرچەند سەرچاوەیەكی باڵای حكومەتی ئێران ئەوەی ڕەتكردەوە تائێستا هیچ وادەیەكی بۆ گەڕێكی نوێی دانووستانەكان دیاری كرابێـت.