راچڵەكین-
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، ئێران بە نهێنی مانگێكی دەستكردی چینی بۆ سیخوڕیكردن بەكارهێناوە، بۆ بەئامانجگرتنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
راپۆرتەكە پشتبەستوو بەچەند بەڵگەنامەیەكی سەربازی دزەپێكراوی ئێران بڵاویكردووەتەوە، هێزی ئاسمانی سەر بە سوپای پاسداران لەچینەوە مانگی دەستكردی ( TEE-01B) دەسكەوتووە كە لەكۆتاییەكانی 2024 دروستكراو رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرا.
ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، بەپشتبەستن بە وێنەی مانگی دەستكردو شیكاریە خولگەییەكان، سەركردە سەربازییەكانی ئێران توانیویانە ئاڕاستەی مانگە دەستكردە بگۆڕن بۆ چاودێریكردنی بنكە سەربازییە سەرەكییەكانی ئەمریكا لەناوچەكە.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی فاینانشاڵ تایمز بێت، وێنەكانی مانگە دەستكردەكان لەمانگی ئاداردا گیراون پێش و دوای هێرشە درۆن و مووشەكییەكان بۆ سەر ئەو بنكانە.
لەكۆتایی راپۆرتەكەدا هاتووە، سوپای پاسداران لەڕێی گرێبەستێكەوە توانیوویەتی بە وێستگە زەمینییە بازرگانییەكان بگات كەلەلایەن كۆمپانیای ئیمبۆساتەوە بەڕێوە دەبرێن.
تائێستا لەلایەن كۆشكی سپی، دەزگای هەواڵگری ئەمریكا، وەزارەتی جەنگی یاخود هەردوو وەزارەتی دەرەوەو بەرگری چین و كۆمپانیای ( EarthEye) هیچ روونكردنەوەیەك لەبارەی راپۆرتەكەی فاینانشاڵ تایمز بڵاونەكراوەتەوە.