بەریتانیا دەیان هەزار درۆن رادەستی سوپای ئۆكراینا دەكات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 110

راچڵەكین -

حكومەتی بەریتانیا لەچوارچێوەی هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ ئۆكراینا، بڕیاریداوە ئەمساڵ دەیان هەزار درۆن بە سوپای ئەو وڵاتە بدات بەمەبەستی بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی لە شەڕی دژ بە رووسیا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15-4-2026، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی پابەندییەكانی حكومەتی لەندەن بە هاوكاریكردنی ئۆكراینا لەڕووی سەربازییەوە، تا كۆتایی ئەمساڵ 120 هەزار درۆنی سەربازی رادەستی سوپای ئەو وڵاتە دەكات.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بەشێك لەو درۆنانە، كە سەرجەمیان دروستكراوی كۆمپانیاكانی بەریتانیان، گەیشتووەتە دەست سوپای ئۆكراینا و ئەوانی دیكەش بەگوێرەی خشتەیەكی دیاریكراو تا كۆتایی ئەمساڵ، رەوانە دەكرێن.

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاشكراشیكردووە، جگە لە ناردنی ئەو ژمارە درۆنە، بڕیاردراوە سەدان هەزار گوللە تۆپیش رەوانەی ئۆكراینا بكرێت، كە بەهۆی كەمبوونەوەی كەرەستە سەربازییەكانی، لەماوەكانی رابردوودا چەندین ناوچەی لەدەستداوەو سوپای رووسیا كۆنترۆڵی كردوون.

جگە لە بەریتانیا، چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا، لەوانەش ئەڵمانیا و فەرەنسا، بەڵێنیانداوە ئەمساڵ بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی سەربازی رەوانەی ئۆكراینا بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن