راچڵەكین-
ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، ئێران لەڕێی پاكستانەوە پێشنیارێكی نوێی ئاڕاستەی ئیدارەی ئەمریكا كردووەو لەئێستادا چاوەڕێی وەڵامە.
بەگوێرەی ماڵپەڕە ئەمریكییەكە بێت، پێشنیارەكەی ئێران تایبەتە بە درێژكردنەوەی ئاگربەست، یان رێكەوتنی كۆتایی، كردنەوەی گەرووی هورمزو بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.
لە پێشنیارە نوێیەكەیدا ئێران داوایكردووە، ئاگربەست بۆ ماوەیەكی دوور مەودا، درێژ بكرێتەوە، یان رێككەوتنێك بكرێت بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی هەمیشەیی. هەر بەگوێرەی ئەو پێشنیارە نوێیەی ئێران، دانوستانە ئەتۆمییەكان تا دوای كردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی سزاكان لە سەر ئێران دەست پێناكەن.
ئەكسیۆس لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكیەوە بڵاویكردووەتەوە، پێشنیازەكەی ئێران بە ئامانجی تێپەڕاندنی ناكۆكی نێوان سەكردەكانی ئێرانە سەبارەت بە دۆسییەی ئەتۆمییەكان.
لەلایەكی ترەوە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی چەقبەستوویی دانوستانەكان و دیاریكردنی هەنگاوەكانی داهاتووی جەنگ.