بۆچی ترەمپ پێشنیارە نوێیەكەی ئێرانی بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستان ڕەتكردەوە؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 100


راچڵەكین-

بەرپرسێكی باڵای ئێران دەڵێت، لە پێشنیارە نوێیەكەی تاران بۆ دانووستان كەلەلایەن دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكاوە ڕەتكراوەتەوە، ئاماژە بەكردنەوەی گەرووی هورمز لەبەردەم جووڵەی كەشتییەكان و كۆتایی هێنان بەگەمارۆی دەریایی ئەمریكا دژ بەئێران و دواخستنی گفتوگۆكان سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بۆ قۆناغەكانی دواتر لەخۆ دەگرێـت.

ئاژانسی سكای نیوز لەزاری ئەو بەرپرسەی ئێران بڵاویكردووەتەوە، تاران لەو بڕوایەدایە پێشنیاری دواخستنی گفتوگۆ ئەتۆمییەكان بۆ قۆناغەكانی داهاتوو لەدانوستانەكاندا، وەرچەرخانێكی گرنگە كە ئامانج لێی ئاسانكارییە بۆ گەیشتن بەرێكەوتن.

بەگوێرەی پێشنیارەكە، جەنگ كۆتایی دێت بەڵام دەبێت گەرەنتی ئەوە بكرێـت جارێكی تر ئەمریكاو ئیسرائیل هێرش نەكەنەوە سەر ئێران، ئێران گەرووی هورمز دەكاتەوەو ئەمریكاش دەبێت گەمارۆی سەر گەرووەكە هەڵبگرێت.

هەروەك ئەوە ڕوونكراوەتەوە، لەداهاتوودا گفتوگۆ لەسەر سەپاندنی كۆت و بەند بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەرامبەر هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئەو وڵاتە دەكرێت، جگە لەوە تاران داوا لە واشنتۆن دەكات ئەگەر بێتو ڕەزامەندیش بدات لەسەر هەڵپەساردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی، دەبێت مافی ئەوەی پێبدرێت كە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە ئەنجامبدات.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، رۆژی هەیینی 1ی ئایار، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بەپێشنیارە نوێیەكەی ئێران ڕازی نییە:" ئەوان داوای شت گەلێك دەكەن كە ناتوانم ڕەزامەندیان لەسەر بدەم." بەبێ ئەوەی زیاتر لەو بارەیەوە بڵێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن