راچڵەکین-
ئیمارات بە فەرمی ئێرانی وەک بەرپرسی یەکەمی ئەو هێرشانە دەستنیشان کرد کە ئەمڕۆ بۆ سەر وڵاتەکەی ئەنجامدران.
لە بەیاننامەیەکی نوێدا، دەوڵەتی ئیمارات ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم هێرشانە نموونەی هەڵکشانی مەترسیداری گرژییەکان و پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراون، هەروەها دژایەتییەکی ئاشکرایان لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە.
جەختی لەوەشکردووەتەوە: بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، تەواوی مافی ڕەوای خۆی هەیە بۆ هەر وەڵامدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانێت بۆ ئەو پەلامارانەی کراونەتە سەر خاکەکەی.
لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازییەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بڵاویکردەوە، ئێران هیچ پلانێکی بۆ بە ئامانجگرتنی ئیمارات نەبووە.
تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی تری فەرمی لە هەردوو وڵاتەوە کاردانەوەی زیاتریان سەبارەت بەو گرژییانە نیشان نەداوە کە دوای هێرشەکان دروست بووە.