كییەر ستارمەر، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا
راچڵەكین -
پارتی كرێكارانی بەریتانیا بە سەرۆكایەتی كییەر ستارمەر، سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە، لە هەڵبژاردنە خۆجێیەكانی ئەو وڵاتە، دووچاری شكستێكی گەورە بووەو زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنە خۆجێیەكانی لەدەستدا و پارتی چاكسازییش سەركەوتنێكی گەورەی تۆماركرد.
میدیاكانی بەریتانیا بڵاویانكردەوە، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنە خۆجێیەكان، پارتی كرێكاران-ی فەرمانڕەوا بە سەرۆكایەتی كییەر ستارمەر، شكستی هێنا و زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنە خۆجێیەكانی لەدەستدا، تەنانەت لەناوچەكانی باكوور و ناوەڕاستی ئینگلتەرا و بەشێك لە ناوچەكانی لەندەنی پایتەخت، كە هەمیشە پێگەی جەماوەریی پارتی كرێكاران بوون، ئەو حزبە شكستی هێنا لە پاراستنی كورسییەكانی.
لە بەرامبەردا پارتی چاكسازیی بەریتانیا، بە سەرۆكایەتی نایجل فاراج، كە پارتێكی راسترشەوی توندڕەوەو دژی كۆچبەرانە، سەركەوتنێكی گەورەی تۆماركرد و بە جیاوازییەكی زۆر لەپێش هەردوو پارتە گەروەكەی بەریتانیا (كرێكاران و پارێزگاران) دێت و زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنە خۆجێیەكانی مسۆگەر كرد.
ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنە خۆجێیەكان لە ئینگلتەرا، سكۆتلەندا و وێڵز، كە لە 136 ئەنجومەن پێكدێن، دەریدەخەن پارتی چاكسازی، 335 كورسی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا پارتی كرێكاران 247 كورسی و پارتی پارێزگارانیش 127 كورسی پێشوویان لەدەستداوە.