راچڵەكین-
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بەسەرۆكایەتی عەلی زەیدی كۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی ئەو كارنامەیە بێت كەلەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بڵاوكراوەتەوە، كاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026 ، ئەنجوومەنەكە بۆ دەنگدان بەكابینەی نوێی عیراق كۆدەبێتەوە.
هاوكات عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت لەو دانیشتنەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا لەكۆی 23 وەزارەت، دەنگ بە 19 وەزارەت بدرێت.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەك، تائێستا هێزە شیعەكانی پێكهێنەری كابینەی نوێی حكومەتی عیراق لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتەكانی ناوخۆ، نەوت و دارایی رێكنەكەوتوون.
لەكابینەی نوێی حكومەتی عیراق بەسەرۆكایەتی عەلی زەیدی، كورد چوار وەزارەتی بەردەكەوێت كە بریتین لە داد، ژینگە، دەرەوەو ئاوەدانكردنەوە.
بەگوێرەی دەستووری عیراق بێت، دەبێت 50+1ی ئەندامانی كابینەی وزاری حكومەتی عیراق متمانەی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی حكومەت دەستبەكاربێت.