واشنتۆن هێرشیکرد و تاران وەڵامی دایەوە؛ زەنگی دەستپێکردنەوەی جەنگ لێیدا

ڕاپۆرت

56 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 7

راچڵەکین-

لەکاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەردەوامن، سوپای ئەمریکا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی خستەخوارەوە و هێرشی کردە سەر بنکەیەک لە باشووری ئێران، تارانیش بە بەئامانجگرتنی بنکەیەکی ئەمریکی وەڵامی دایەوە.

ئەم پەرەسەندنە تیشک دەخاتە سەر ئەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕووی ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران دەبنەوە کە لە مانگی نیساندا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش ئومێدەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لاواز کرد و بووە هۆی بەرزبوونەوەی دووبارەی نرخی نەوت.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت بە میدیاکانی وتووە: چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر خراونەتە خوارەوە کە هەڕەشەیان لە دەوروبەری گەرووی هورمزدا دروست کردبوو، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا هەروەها وێستگەیەکی کۆنترۆڵی زەمینی ئێرانییان لە بەندەر عەباس بۆردومان کردووە کە لە لێواری هەڵدانی پێنجەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بووە.

بەرپرسەکە جەختی کردەوە کە ئەم کارە سەربازییانە "حساب بۆ کراو و تەنها بەرگرییانە بوون و ئامانجیان پاراستنی ئاگربەست بووە".

میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕۆژی سێشەممە هەواڵی تەقینەوەیان لە شاری کەناراوی بەندەر عەباس کە دەکەوێتە سەر گەرووی هورمز لە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە بڵاوکردەوە. لە وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکادا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە بنکەیەکی ئەمریکییان بەئامانج گرتووە بەبێ ئەوەی شوێنەکەی دیاری بکات.
لای خۆشییەوە، سوپای کوەیت بەرپەرچدانەوەی "هێرشی مووچەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانە"ی ڕاگەیاند.
هاوکات هێزەکانی ئێران "تەقەی ئاگادارکردنەوە"یان لە چوار کەشتی کردووە کە هەوڵیانداوە لە گەرووی هورمز بپەڕنەوە، وەک ئەوەی دەستەی گشتی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە بەبێ ئەوەی وردەکاری لەسەر جۆری کەشتییەکان یان ناسنامەیان بخاتەڕوو.
ئەمانە مەترسیدارترین ڕووداون کە لە دوای کەوتنەکاری ئاگربەستەکەی هەشتی نیسانەوە ڕوویاندابێت، ئەمەش دوای زیاتر لە مانگێک لە شەڕێک کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس.

دانوستانەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان بە نێوەندگیری پاکستان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە هێشتا پەککەوتوون و ئێران هێشتا گەرووی هورمز بە داخراوی دەهێڵێتەوە لە نێوان گەمارۆکانی ئەمریکادا، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و شڵەژانی لەسەر ئابووری جیهانی دروست کرد.

ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە جارێکی تر هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی شەڕی کرد و لە کۆتایی کۆبوونەوەی ئیدارەکەیدا ڕایگەیاند کە "ئێرانییەکان دەیانەوێت ڕێککەوتنێک واژوو بکەن".

ترەمپ وتیشی: یان ئەوەتا رێککەوتن ڕوودەدات، یان ناچار دەبین بابەتەکە یەکلا بکەینەوە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی شەڕ.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ئەوەی بڵاوکردەوە کە پێی دەوترێت "چوارچێوەیەکی سەرەتایی بۆ لێکتێگەیشتن" کە لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە لەگەڵ واشنتۆن کاری لەسەر دەکرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە، و تێیدا هاتووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەند دەبێت بە لادانی گەمارۆ لەسەر بەندەرەکانی ئێران و دەستپێکردنەوەی جووڵەی گەشتیاری لە گەرووی هورمز و کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو ناوچانەی دەورووبەری ئێرانن،بەڵام کۆشکی سپی ئەو بەڵگەنامەیەی بە "تەواو هەڵبەستراو" وەسف کرد.

بەپێی ئاژانسی "ئیسنا"، ئێران هەروەها هەوڵدەدات بۆ ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی کە بڕەکەی 24 ملیار دۆلارە، بەجۆرێک نیوەی ئەو بڕە پارەیە بخرێتە بەردەست بەمەرجی واژووکردنی یاداشتنامەیەکی سەرەتایی لێکتێگەیشتن.
ئەم سەرمایە بلۆککراوانە کە بەهۆی سزاکانی سەر ئێرانەوە ڕاگیراون، یەکێکن لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، لەپاڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران کە تاران هەوڵدەدات تاوتوێکردنی بۆ قۆناغێکی دواتر دوا بخات.
واشنتۆنیش داوای لەناوبردنی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرزی ئێران دەکات، لەکاتێکدا تاران ڕەتیدەکاتەوە کە هەوڵی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن