ئەنجامی کۆبوونەوە دوو کاتژمێرییەکەی ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە

ڕاپۆرت

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 168

راچڵەکین-

لە چەند کاتژمێری رابردوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی بە کۆبوونەوەیەک هێنا کە پێشتر وەک کۆبوونەوەیەک بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران ناسێندرابوو، ئەمەش بەپێی ئەوەی بەرپرسێکی کۆشکی سپی بۆ ڕاگەیاندنەکان جەختی لێکردووەتەوە.
ئەو بەرپرسە ڕوونی نەکردەوە کە ئایا ترەمپ لەم کۆبوونەوەیەدا کە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی بەڕێوەچوو بڕیارێکی داوە یان نا. بەرپرسەکەی ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە و یاریدەدەرانی ترەمپی بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی لەخۆگرتبوو.
لای خۆشییەوە، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە: ترەمپ هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە نەداوە، چونکە هێشتا چەندین بابەت لە ژێر گفتوگۆدان، لەوانەش سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران".
هەروەها بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی وتووە، سەرۆکی ئەمریکا هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ ناکات مەگەر تەنها کاتێک کە تەواوی مەرجەکانی بپێکێت، بەرپرسەکە بە مەرجی نەهێنانی ناوی ئاشکرایکردووە: کۆبوونەوەکە کە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان (له کۆشکی سپی) بەڕێوەچوو و نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند و سەرۆکی ئەمریکا هیچ ڕێککەوتنێک قبوڵ ناکات کە لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نەبێت و هێڵە سوورەکانی نەپێکێت، ناکرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
پێشتر لە ڕۆژی هەینیدا، ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە ئامادەکاری دەکات بۆ "بڕیاری کۆتایی" سەبارەت بە لێکتێگەیشتنێکی ئەگەری لەگەڵ ئێران، لە کاتێکدا تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە هێشتا "هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی" نییە بۆ دابینکردنی چوارچێوەیەک بۆ گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان.
سەرچاوە و میدیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران، زانیاریی زۆرجار دژبەیەکیان دەربارەی ئەو لێکتێگەیشتنە بڵاودەکردەوە کە هەردوو وڵات بە نێوەندگیری پاکستان دانوستانی لەسەر دەکەن، ئەمەش دوای سێ مانگ لە هەڵگیرسانی ئەو ململانێیەی کە ئابووری جیهانی هەژاند، هەڵوێستی هەردوولاش لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتانە شاهیدی پەرەسەندن یان هێوربوونەوە دەبوو.
ترەمپ ڕۆژی هەینی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی "تروس سۆشیاڵ"ـەوە نووسیویەتی: ئێستا کۆبوونەوەیەک لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام دەدەم بۆ بڕیاری کۆتایی".
وتیشی: "دەبێت ئێران ڕازی بێت لەسەر ئەوەی کە هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یان بۆمبی ئەتۆمی و دەبێت گەرووی هورمز دەستبەجێ، بەبێ باج، لەبەردەم جووڵەی گەشتیاریی بێبەربەست لە هەردوو ئاراستەکەدا بکرێتەوە و سەرجەم مینە دەریاییەکان لەناو دەبرێن".
لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کەشتیانەی بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە دەست بە جووڵە دەکەنەوە، وتیشی ئەم گەمارۆیە "ئێستا لادەبرێت".
هاوکات باسی لەوەشکرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "ماددە پیتێندراوەکان بە هەماهەنگی و هاوکارییەکی توند لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، لەپاڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەردەهێنێت و لەناودەبرێن، و هیچ پارەیەکیش ئاڵوگۆڕ ناکرێت تا کاتێکی نادیار".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن