بڕیارێك لەبەرژەوەندی ئەو فەرمانبەرانە دەدرێـت كە مانگی داهاتوو خانەنشین دەبن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 20

راچڵەكین-

ئەو فەرمانبەرانەی مانگی داهاتوو خانەنشین دەبن، خانەنشینییان دەخرێتە كۆتایی ساڵ و لە ئەركەكانیان بەردەوام دەبن و مووچەشیان بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان، رێنوێنیی دارایی ژمارە 3ی ساڵی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بۆ درێژكردنەوەی ماوەی خزمەتی هەندێك لە فەرمانبەران و مامۆستایان ئەمساڵیش جێبەجێ دەكرێت.

بەپێی رێنوێنییەكە: "وەزیر، یان سەرۆكی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت، یان پارێزگار، بۆیان هەیە كۆتایی ساڵی رۆژژمێری، بە رێكەوتی لەدایكبوون هەژمار بكات، لەبری 1ی تەمووز لەو ساڵەدا."

جەختیش كراوەتەوە  لەبری 1ی تەمووز،  فەرمانبەرەكان دەتوانن تاوەكوو 31ی كانوونی یەكەم لە ئەركەكانیان بەردەوام بن، مووچە و دەرماڵەی تەواو وەربگرن و دواتر خانەنشین بكرێن.

ژیان سابیر، بەڕێوەبەری خانەنشینانی سلێمانی، ڕایگەیاندووە: "دەبێت فەرمانگەكان لەم مانگەدا مامەڵەی ئەو فەرمانبەرانە تەواو بكەن كە لە 1ی7 خانەنشین دەبن، ئەویش بۆ ئەوەی ماوەی خزمەتیان تاكۆتایی ساڵ بۆ درێژ بكرێتەوە." وەك میدیای نزیك لە پارتی بڵاویكردووەتەوە.

"فەرمانبەر سەر بە چ وەزارەتێك بێت ئەوە دەبێت وەزارەتەكەی فەرمانی بۆ دەربكات، ئەوەشی نایەوێت بۆی درێژ بكرێتەوە، ئەویش سەرپشك كراوە و بە زۆرەملێ نییە."

دلێر عەبدوڵا، بەرێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە:"بە نووسراوی فەرمی هەموو ناوەندەكان ئاگادار كراونەتەوە كە هەموو مامۆستا، سەرپەرشتیار و فەرمانبەرانی لەدایكبووی1ی7ی 1966 كە دەیانەوێت تا ڕێككەوتی 2026/12/31 بەردەوام بن لە خزمەتكرنی ئارەزوومەندانە، پێویستە داواكارییەكی نووسراو بە واژووی خۆیان پێشكەش بكەن."

بەرپرسەكەی پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا: "ئەوەی بڕیارەكە دەیگرێتەوە بەزووترین داواكاریی پێشكەش بكات، یان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە بكات، ئەگەرنا بێبەش دەبێت لەم بریارە و 3ی6ی2026 دوا ڕۆژی وەرگرتنی داواكارییەكانە و پێویستە بەزووترین كات بگاتە دەستمان، بۆ ئەوەی بەرز بكرێتەوە و فەرمانی پێ دەربكرێـت."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن