ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سكاڵای یاسایی تۆمار دەكات

عێراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 94

راچڵەكین -

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەو زانیارییانە رەتدەكاتەوە كە لەبارەی ژمارەی فەرمانبەرانی پەرلەمان و بڕی مووچەكانیان بڵاوكراوەتەوەو رایدەگەیەنێت: ژمارەی فەرمانبەرانی پەرلەمان و بڕی مووچەكانیان زۆر كەمترە لەوەی بڵاوكراوەتەوە و لەسەر ئەو ناوزڕاندنەش سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەین.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی 2-6-2026 هەندێ كەناڵی راگەیاندن و پێگەی سۆشیال میدیا، لێدوانێكی نەبیل مەرسومی-یان بڵاوكردووەتەوە كە باس لەوە دەكات ژمارەی فەرمانبەرانی پەرلەمان 12500 كەسە و مووچەی هەر فەرمانبەرێكیش سێ ملیۆن و 500 هەزار دینارە، كە 12 هێندەی مووچەی فەرمانبەرێكی دەوڵەتە.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتووە، "ئەو زانیارییانە چەواشەكارییە و دوورە لە راستییەوە، ژمارەی فەرمابەرانی ئەنجومەنی نوێنەران كەمترە لە چارەگی ئەو ژمارەیەی بڵاوكراوەتەوە، بڕی مووچەكانیشیان بەگوێرەی خشتەی مووچەی هاوپێچ بە یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 و دەرماڵەی دیاریكراو هاوشێوەی ئەو دەرماڵەیەی كە فەرمانبەرانی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە وەریدەگرن، بە پشتبەستن بە حوكمەكانی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و پێكهاتەكانی ژمارە (13)ی ساڵی 2018".

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، لەبەرئەوەی، ئەم لێدوانە دوورە لە راستییەوە، سوكایەتیكردنە بە ئەنجومەنی نوێنەران و تۆمەتباركردنیەتی بەبێ بەڵگە و ناوزڕاندنیەتی لەبەردەم رای گشتی، سكاڵای یاسایی لەبەردەم دادگای تایبەتمەند تۆمار دەكەین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن