نهێنی نوێ سەبارەت بە كوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ئاشكرا دەكرێت

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 128


راچڵەكین-

بەرپرسێكی ئیسرایلی زانیارین وێ و نەبیستراو سەبارەت بە ئامانجگرتنی حەسەن نەسروڵڵا، رێبەری حزبوڵڵای لوبنانی ئاشكرا دەكات.

رۆژی 27ی ئەیلولی 2024 لە هێرشێكی ئاسمانی سوپای ئیسرایل بەناوی ( ئۆپراسیۆنی رژێمی نوێ) حەسەن نەسروڵلا-ی ئەمینداری گشتی پێشووتری حزبوڵڵا لە بەیروت-ی پایتەخت كرایە ئامانج، رۆژی 28ی ئەیلول سوپای ئیسرائیل كوژرانی نەسروڵلای راگەیاند، دواتریش حزبوڵڵا لە راگەیەندراوێكدا كوژرانی ئەمیندارە گشتییەكەی راگەیاند.

بەووتەی بەرپرسێكی باڵای سەربازی ئیسرایل بۆ رۆژنامەی مەعارفی وڵاتەكەی، لەهێرشی بەئامانجگرتنی نەسروڵڵادا 83 مووشەك ئاڕاستەی شوێنی  خۆ حەشاردانەكەی كراون، هەمان ئەو ژمارە مووشەكەش بەكارهێنران بۆ لەناوبردنی ئەو كەسەی كە دانرابوو ببێتە جێگرەوەی.

ئەفسەرە ئیسرایلییەكە ئاماژەی بەوەكردووە:" لەو رۆژەدا، نەسروڵڵا زۆر شوێنی تری هەبوو بۆی بڕوات كە زۆر تۆكتەترو پارێزراوتر بوون، بەڵام بڕیاریدا ئەو پەناگەیە هەڵبژێرێت كە تێیدا كوژرا، پەناگەكە لە گەڕەكی حەریك لە ناوچەی زاحیەی باشوری بەیروتی پایتەخت و زۆر قوڵبوو، لەژێر باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوونی چەند نهۆمی دروستكرابوو."

"هێرشەكە تەنها چەند چركەیەكی خایاند، مووشەكەكانیش بەو مەبەستە لەلایەن فڕۆكی جەنگییەكانەوە هەڵدرانە خوارەوە، ئەو كەسانەی لەپەناگەكەن گیربخۆن و رێگریان لێبكرێت لەوەی دەربازیان بێت و بێنە دەرەوە." ئەفسەرە ئیسرایلییەكە وا دەڵێت.

بەرپرسە ئیسرائیلییەكە زیاتر لەسەر بۆردومانەكە دواوەو وتوویەتی:"ویستم بۆ ماوەی 12 كاتژمێر، هەر جۆرە هەوڵێكی ڕزگاركردن شكست پێبهێنم، دەمانویست دڵنیا بین لەوەی نەسروڵڵا دەمرێت، جا چ لەڕێی راستەوخۆ كوژرانی بەهۆی هێرشەكە یاخود تووشبوونی بەخوێنبەربوون یاخود خنكانی بەهۆی كەمی ئۆكسجین، هەربۆیە سوپای ئیسرایل تەنها  پەناگەكەی نەكردە ئامانج، بەڵكو تەواوی باڵەخانەكەی بەسەریدا ڕووخاند."

ئەو ئەفسەرە ئیسرایلییە كە یەكێك بووە لەسەرپەرشتیارانی پرۆسەكە بە رۆژنامەی مەعاریفی راگەیاندووە:" دوای هێرشەكە ماتۆرسوارێكمان بینی كە گەیشتووەتە ناوچەكە، هەوڵیدا لەڕێی كەلێنێكی بچووكەوە خۆی بگەێنێتە پەناگەكە، بەڵام كوشتمان، دواتر شۆفڵێك هات بۆ ئەوەی هەوڵی ڕزگاركردنی نەسروڵڵا بدات، ئەویشمان لەناوبرد.. ئێمە بۆ ماوەی 12 كاتژمێری بەردەوام لەشوێنی بۆردومانەكە بووین و چاودێریمان دەكرد، تا دڵنیاببینەوە لەمردنی حەسەن نەسروڵڵا."

لەلایەكی ترەوە سەرۆكی یەكەی " هەنگەكانی بنیامین" بەهەمان رۆژنامەی راگەیاندووە:" بۆ ماوەیەكی زۆر چاودێری نەسروڵڵامان دەكرد، دەمانزانی لەچەند باڵەخانە دەمێنێتەوە، ماڵی هاوسەرەكەی، ئەو شوێنانەی لەكاتی پێویستدا وەك پەناگە بەكاری دەهێنان،  بەڵام لەراستیدا زۆربەی كات لەو پەناگانە نەبوو كەلەژێر زەویدابوون، چەندین جار لەنهۆمی هەشتەمی باڵەخانەی ( بینتهاوس) دەمایەوە كەباڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون بوو دەكەوتە ناوچەی ( زاحیەی جنوبی) لە بەیروت، هەركاتێكیش پێویست بووایە كە خۆی حەشار بدات، بەرزكەرەوەیەكی تایبەتی لەناو باڵەخانەكە بەكار دەهێنا كە بۆ ئەو دروست كرابوو."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن