وەزارەتی دارایی خەرجییەكانی حەوت ساڵی رابردوو ئاشكرا دەكات

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 107

راچڵەكین -

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، داتاكانی تایبەت بە خەرجییە كردارییەكانی حكومەت لە حەوت ساڵی رابردوو بڵاودەكاتەوەو ئاشكرایدەكات، كۆی خەرجییەكان لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٨٧ ترلیۆن دینار بووە.

لە درێژەی بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی پەرتووكی كار و چالاكی و چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی ( ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥ ) كە بەشێكی تایبەتە بە خەرجییە گشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەو حەوت ساڵەدا و تێكڕای خەرجییە كردارییەكان دەگاتە زیاتر لە ( ٨٧ ) ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە 27-6-2026 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، لەو ژمارەیە زیاتر لە ( ٦٥ ) ترلیۆن دینار خەرجی مووچە بووە و زیاتر لە ( ١٤ ) ترلیۆنیش خەرجی بەكارخستن كە بریتییە لە خزمەتگوزارییەكانی ڕۆژانەی فەرمانگە و وەزارەتەكانی حكومەت. هەروەها زیاتر لە ( ٤ ) ترلیۆن دینار خەرجیی بەرهەمهێنانی كارەبا بووە و نزیكەی ( ٤ ) ترلیۆنیش خەرجی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بووە.

وەزارەتی دارایی ئاشكراشیكردووە، "ئەمە جگە لەو  مووچانەی كە لەو ماوەیەدا خەرج نەكراون ، لەگەڵ ڕێژەی لێبڕینەكانی خانەنشینی مووچەو  پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و جیاوازییەكانی، هەروەها لەگەڵ شایستەی كۆمپانیاكان و بەڵێندەران كە خەرج نەكراون، لەگەڵ خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبا كە بەشێكیان بەشێوەی چەك و مەقاسە خەرجكراون بەهۆی كەمی نەختینەی بەردەست لە بانكەكاندا.

تێبینی؛ 
١- سەرجەم خەرجییەكانی بەكارخستن و وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی كارەبا لەداهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت و لە دوای ساڵی ( ٢٠١٣ ) ەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بەشێك لە تەمویلی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان ناردووە كە بۆتە بەشێك لە تەواوكاری خەرجی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و مووچەخۆران.

٢- وەك پێشتر لەخشتەكانی میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی حەوت ساڵی ڕابردوو بە پێی مانگ و ساڵ لە پەیجی فەرمی وەزارەتمان بڵاوكراوەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن