"قەرزەكانی حكومەت لەسەر هاووڵاتییان و بازرگانان زیاتر لە سێ ترلیۆن دینارە"

ئابوری

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 77

راچڵەكین-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، قەرزە جۆر بەجۆرەكانی حكومەت لەسەر هاوڵاتییان دەگاتە بڕی سێ ترلیۆن دینار.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە درێژەی بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی پەرتووكی كار و چالاكی و چاكسازییەكانی لە ساڵی ( ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥ ) كۆی ئەو قەرز و پێشینانەی خراوەتەڕوو كە لەساڵانی ڕابردوودا دراونەتە هاووڵاتییان و بازرگانان.

بەشی یەكەم: قەرز و پێشینەكان لای هاووڵاتییان.
سەبارەت بە قەرز و پێشینەكانی(خانووبەرە ، نیشتەجێبوون، كشتوكاڵ، پیشەسازی ،گەشتوگوزار ) كە لە رێگای بانكەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە پسپۆڕییەكان دراوە بە فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٨ وە تا  ساڵی ٢٠١٤ ، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام بوو لەسەر پێشكەشكردنی ئەم خزمەتگوزارییانە. 

بەڵام دوای ساڵی ٢٠١٤ بە هۆكاری قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەوە ئەم خزمەتگوزارییانە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕاگیران. 

تێبینی : هەنگاوەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سوودمەندانی قەرز و پێشینەكان لە ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥.
١- بریاری لێخۆشبوونی‌ تەواو بۆ سوودی دواكەوتنی (  100% ) ی بڕی راستەقینەی قەرز.
٢- درێژكردنەوە و لێخۆشبوون بە ڕێژەی (15%) لە قەرزی پێشینەی(خانووبەرە، كشتوكاڵی، پیشەسازی، نیشتەجێكردن، گەشتوگوزار) بەپێی ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە ساڵانی پێشووتردا بۆ چەند جارێك .
٣- لێخۆشبوونی پێشینەی خانووبەرە بۆ كەسوكاری شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش.
٤- بەخشینی سوودی پێشینەی كشتوكاڵی بۆ جوتیاران.
٥- بڕی پارەی قەرزی گەڕاوە لە هەموو پێشینەكان لە ساڵی ٢٠١٩ تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ دەكاتە (٥٣٩ ملیار و ٥١١ ملیۆن ٤٨٩ هەزار دینار).
٦- قەرزی ماوە لای هاووڵاتییان تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ دەكاتە نزیكەی ١ ترلیۆن و ٩١٨ ملیار و ٨٨ ملیۆن دینار. 

بەشی دووەم: قەرزی ئاسانكاری

دەربارەی گەڕانەوەی قەرزی ئاسانكاریی قەبارەی قەرزەكە بە سوود و سزای دواكەوتن تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ نزیكەی ١ ترلیۆن و ٣٦٧ ملیار و ٦٢٥ ملیۆن دینارە، لە ئێستادا بە مەبەستی سوككردنی باریی دارایی سوودمەندان، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاوە  بۆ چارەسەری ئەو پرسە و گەڕانەوەی ئەو قەرزە بۆ خەزێنەی گشتی حكومەت



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن