راچڵەكین -
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق روونكردنەوە لەبارەی دەستگیركردنی ژمارەیەك ئەنجامی ئەنجومەنی نوێنەران دەدات و رایدەگەیەنێت، پەیوەندییان بە كەیسەكەی عەدنان جومەیلی-یەوە هەیە و لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن پارەیەكی زۆریان وەرگرتووە و دەرامەتی دەوڵەتیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكارهێناوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاوكراوەتەوە، دادوەری لێكۆڵینەوە لە دادگای ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەكانی گەندەڵی روونیكردەوە، لەمیانی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوت كە لەمانگی 10ی 2025 دەستیپێكرد، دادگا زانیاریی پێگەیشت كە ژمارەیەك لە كاندیدانی هەڵبژاردن بڕێكی زۆر پارەیان خەرجكردووە بەمەبەستی بەكارهێنانی لە بانگەشەی هەڵبژاردن و سوودوەرگرتن لە دەرامەتی دەوڵەت، ئەمەش بە پاڵپشتی هەندێ كەسایەتی دەستڕۆیشتووی ناو حكومەتی پێشوو.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەبەر گرنگیی ئەو تاوانە، هەوڵەكان بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە و زانیارییەكان بۆماوەی چەند مانگێك بەردەوام بوو، لەدوای دەستگیركردنی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی، رەوتی لێكۆڵینەوەكان دەریانخست كە چەندین پەرلەمانتار تێوەگلاون لە بەكارهێنانی دەرامەتی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و سوودمەندبوون لە گرێبەستە حكومییەكان بەشێوەیە راستەوخۆ، یان لەڕێی وەرگرتنی بەرتیل بۆ خۆیان و كەسانی تر، لەسەر داوای دادگاش قسە لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران كرا و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتارە تۆمەتبارەكان هەڵگیرا بۆئەوەی رێكاری یاسایی لەدژیان بگیرێتەبەر و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، راستەوخۆ لەدوای گەیشتنی نوسراوی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە و بەهەماهەنگیی لەگەڵ دەستەی دەستپاكیی و لایەنەكانی جێبەجێكردنی یاسا و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و سەرۆكوەزیرانی عیراق، دەستكرا بە جێبەجێكردنی فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان و دەستیش بەسەر بڕێك پارەدا گیرا كە ئەمەش سەلمێنەری ئەوەی تۆمەتبارەكان كاری نایاساییان ئەنجامداوە.
راگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە، بەشێك لەو تۆمەتبارانەی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، هەڵاتوون و دەستگیرنەكراون، لە داهاتووشدا هاوكات لەگەڵ پێشهاتەكانی رەوتی لێكۆڵینەوە، رێكاری یاسایی بەرامبەر كەسایەتیی دیكەی سیاسی دەگیرێتەبەر.