راچڵەكین-
بەرپرسانی ئێران و ئەمریكا بۆ گفتوگۆكردن و چارەسەركردنی ململانێكانیان لەبارەی گەرووی هورمز كۆدەبنەوە.
رۆژی دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026 پێگەی ئاكسیۆس بڵاویكردووەتەوە، بڕیارە كۆبوونەوەكەی نێوان واشنتۆن و تاران رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیران لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەرێوەبچێت و تێیدا باس لە ئاساییكردنەوەی دۆخی گەرووی هورمز بكەن.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت هەریەك لە ئەمریكاو ئێران لەسەر راگرتنی هێرشەكانی نێوانیان رێكەوتن دوای بەئامانجگرتنی چەند ناوچەیەكی ئێران لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریكا بەهۆی هێرشكردنە سەر كەشتییەكی نەوتهەڵگر لەلایەن هێزی دەریایی ئێران.
لەلایەن خۆشییەوە، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا هۆشداریدا لەوەی ئەگەر پێشێلكارییەكانی ئێران بەردەوام بن، ئەوا وڵاتەكەی ناچار دەبێت ئەركە سەربازیەكەی تەواو بكات، لەبەرامبەردا عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریدا لە پێشێلكردنی لێكتێگەیشتنەكانی تایبەت بە گەرووی هورمز.