راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، پێكهاتە و پۆستە نوێیەكان لە وەزارەت و فەرمانگەكان بەڕێوەبەرەكانیان دەرماڵەی پایەیان بۆ خەرج ناكرێت.
بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی كە رۆژی 24ی حوزەیرانی 2026 دەرچووەو ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان كراوە ئەوە ڕوونكراوەتەوە، ئەگەر هەر پۆستێك لە بنەڕەت و پەیكەری رێكخستنی فەرمانگەكەدا هەبووبێت، ئەو كەسەی ئەو پۆستە وەردەگرێت دەرماڵەی پایەی بۆ خەرج دەكرێت، هەروەها هەر فەرمانبەرێك لە شوێنی فەرمانبەرێكی دیكە لەو پۆستەدا دەستبەكاربێت بەهەمان شێوە دەرماڵەی پایەی بۆ خەرج دەكرێت.
وەك لەڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە پێكهاتە و پۆستە نوێیەكان لە وەزارەت و فەرمانگەكان بەڕێوەبەرەكانیان دەرماڵەی پایەیان بۆ خەرج ناكرێت، واتا هەر بەڕێوەبەرایەتییەك، بەش و هۆبەیەك لە پێكهاتەی نوێی وەزارەت و فەرمانگەكاندا بێت رەزامەندی دەرچوونی لە دوای مانگی سێی ساڵی 2025ەوە درابێت ئەوا دەرماڵەی پایەی بۆ خەرج ناكرێت.