وەزارەتی تەندروستی یاداشتێک دەداتە بەغدا

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 124

راچڵەکین-
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: شاندێکی وەزارەتەکەمان بە سەرۆکایەتی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولحسێن موسەوی وەزیری تەندروستی عێراق کۆبووەوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی:

بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی بەڕێزان (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و (د. عبدالحسین الموسوي) وەزیری تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ و بەشداربوونی بەڕێزان (فارس عیسا) سەرۆکی فەرمانگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی هەردوولا، کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت لە دیوانی وەزارەت لەشاری بغداد بەڕێوەچوو. سەرجەم تەوەرەکانی پەیوەست بە کاروباری بەستراو بە حکومەتی عێراق و وەزارەتی تەندروستی فیدڕاڵ و شیکردنەوەی بوودجە و تەرخانکراوەکان بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ئامێر و ژێرخانەکانی خزمەتگوزاری و کاروبارەکانی نێوان هەردوو وەزارەت و هەماهەنگیکردن، بە یاداشتێکی وردەکاری کێشە و گرفتەکان و چارەسەری بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و هەوڵی زیاتر بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ئامێر و سازدانەوەکان و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان بۆ هەرێمی کوردستان و دابینکردنی پلەی وەزیفی و دامەزراندنی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و شایستەکانی هاوڵاتیانی هەرێم لەڕەشنووسی داهاتووی یاسای بوودجەی عێراق تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بوو.
سوپاسی بەڕێز وەزیری تەندروستی عیراقی فیدرال کرا بۆ پێشوازیکردنی سەرجەم بابەتەکان و پشاندانی نیازپاکی تەواو بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن و چارەسەرکردن و دابینکردنی داواکارییەکان و متمانەکردن بە ڕێکار و میکانیزمەکانی داهاتووی هاوبەش لەنێوان بەغداد و ھەرێمی کوردستان و ئالیەتی چۆنیەتی کارپێکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی لەگەڵ گفتوگۆکردنی چەندین تەوەری دیکەی کێشەوگرفت و داواکاری و پێشنیارەکان.
لەکۆتایدا بەڕێز وەزیری تەندروستی عیراقی فیدرال وێڕای خۆشحاڵی و سوپاسی وەزیری تەندروستی و شاندی هەرێم، دووپاتی کردەوە لەسەر ھەماھەنگی پتەو و بەجێگەیاندنی داواکاری و چارەسەرکردنی گرفتەکان و بەردەوام بوون لەکاری ھاوبەش لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان، دواتر بەڕێز وەزیری تەندروستی سوپاسی ئەو پێشوازی و بەڵێنانەی کرد و بە فەرمی داوەتی بەڕێزیانی کرد بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان و بەسەرکردنەوەی ڕەوشی تەندروستی هەرێم و واژوو کردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن پەیوەست بەو خاڵانەی ڕێکەوتن و بڕیاری لەسەر درا و ھیوای خواست کاری داھاتوو زیاتر لە پێناو باشترکردنی ڕەوشی تەندروستی ھاوڵاتیان بێت

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن