راچڵەكین -
سوپای رووسیا هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر ئۆكراینا فراوانتر و چڕتر دەكاتەوەو، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا سێ شارۆچكەی دیكەی ستراتیجی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ دەكات، نزیكەی هەزار و 400 سەربازی سوپای ئۆكرایناش لە شەڕو پێكدادانەكاندا كوژران.
ئەمڕۆ سێشەممە 30-6-2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان لەمیانی هێرشەكانیان بۆسەر پێگەكانی دوژمن، توانیان دوو شارۆچكە لە هەرێمی زاپۆرۆژیا و شارۆچكەیەكی دیكەش لەسنووری كۆماری دۆنێتسك لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا كۆنترۆڵ بكەن.
وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیانی گەورە بەر سوپای ئۆكراینا كەوتووە و جگە لە كوژرانی هەزار و 396 سەرباز لەسەرجەم بەرەكانی شەڕدا، دەیان سەربازگە و كۆگای چەك و تەقەمەنی و وێستگەی عەمباری سووتەمەنی لەناوبراون و زیاتر لە 800 درۆنی خۆكوژی سوپای ئۆكرایناش تێكشكێندراون.