راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، داهاتی گومرك و دەروازەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019 تا كۆتایی ساڵی 2025 زیاتر لە 9 ترلیۆن و 500 ملیار دینار بووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویكردووەتەوە، لە درێژەی بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی پەرتووكی كار و چالاكی و چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی ( 2019 تا 2025 ) لە ژێر ڕۆشنایی ئەو چاكسازی و گۆڕانكارییانەی چەند ساڵی ڕابردوو لە گومرگ و دەروازەكان ئەنجامدراوە كاریگەری بەرچاوی هەبووە لەسەر :"زیادبوونی جوڵەی بازرگانی و كەمبوونەوەی ڕۆتین و بەرجەستەكردنی شەفافیەت، بەپێی داتا و زانیارییەكان داهاتی حەوت ساڵی ڕابردووی گومرگ و دەروازەكان نزیكەی 9 ترلیۆن و 547 ملیار و 323 ملیۆن دینار بووە."
"لە ئێستادا تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی سەرقاڵی جێبەجێكردنی سیستەمی ئاسیكۆدایە لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی ڕێكخستن و یەكخستنی كاروباری گومرگی و ترانزێت لە سەرتاسەری عێراق لە ژێر یەك سیستەمی یەكگرتوودا."
وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت، لە گرنگترین ئەو چالاكی و چاكسازییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە سەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرگ و خاڵەسنووریەكان جێبەجێی كردوون بریتین لە:
١- بە ئەلكترۆنیكردنی كاروباری دەروازەكان و گومرگی فڕۆكەخانەكان و بەستنەوەیان بەوەزارەتەوە ( ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ ، پەروێزخان...) هەروەها هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گومرگی فڕۆكەخانەی نیۆدەوڵەتی(هەولێر، سلێمانی).
٢- پێداچوونەوە بە ڕسومات و پێناسەی گومرگی بۆ بەشێك لە كاڵا و پێداویستییەكان بە هاوبەشی گومرگی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ.
٣- پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لەو لێخۆشبوونە گومرگیانەی لەماوەی ڕابردوودا بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەكان كرابوون.
٤- هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە حكومییەكانی تر وەك وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی كشتوكاڵ و دەستەی وەبەرهێنان بەمەبەستی پشتیوانی ئەو پڕۆژانەی كە لە چوارچێوەی یاسای وەبەرهێنان جێبەجێ دەكرێت بەمەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی و گەشەكردنی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان.
٥- دانانی سیستەمی ترانزێت بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكەن لە نێوان وڵاتانی ( ئێران، توركیا و سوریا ) و دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
٦- هەمواركردنەوەی ڕێنمایی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.
٧- چالاككردنی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گومرگی لە پارێزگاكانی ( هەولێر , سلێمانی، دهۆك ) بە ئامانجی ڕێگریكردن وكەمكردنی دیاردەی قاچاغ و سەرپێچی یاسایی بە هاوكاری لەگەڵ پۆلیسی گومرگ.
هەروەها بەشێكی تر لە چالاكی و چاكسازییەكان لە تەوەری تایبەت بەگومرگ لە ناو پەرتووك ئاماژەی پێدراوە.