وەزارەتی دارایی و ئابووری راگەیەندراوێكی نوێ بڵاودەكاتەوە

ئابوری

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 790

راچڵەكین-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان تەرازووی پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتی حەوت ساڵ بڵاو دەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا ٢،٧ ترلیۆن كورتهێنان لە نێوان داهات و خەرجییەكان هەبووە.

رۆژی هەیینی 3ی تەمووزی 2026 وەزارەتی دارایی و ئابووری لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەپێی داتاكانی كۆتایی لە خشتەی تەرازووی پێداچوونەوەدا لە ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥ ، دەردەكەوێت كورتهێنانی ساڵانە لە هاوسەنگی كۆی گشتی داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە.

كۆی گشتی داهاتی ناوخۆی هەرێم ( نەوتی و نانەوتی) لەگەڵ كۆی تەمویلی حكومەتی فیدراڵی لەو حەوت ساڵە بریتییە ( ٨٤.٨ ) ترلیۆن دینار، بەڵام لە بەرامبەردا كۆی گشتی خەرجییە كردارییەكان دەكاتە ( ٨٧.٥ ) ترلیۆن دینار. 

"بەوەش دەردەكەوێت كە ( ٢.٧ ) ترلیۆن دینار كورتهێنان هەبووە، ئەوە سەرەڕای هەژمار نەكردنی مووچە نەدراوەكان كە بووەتە قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم، لەگەڵ خەرجی تری هەڵپەسێردراو لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢٥ كە بریتییە لە خەرجی كۆمپانیاكان و بەڵێندەران و شایستەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە قەبارەی كورتهێنان بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز دەكاتەوە. " وەزارەتی دارایی و ئابووری وای بڵاوكردووەتەوە.


١-كۆی داهاتی نەوتی لە ساڵی ٢٠١٩ تا مانگی ٣ ی ٢٠٢٣ كە هاتووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، نزیكەی ٢٢.٥ ترلیۆن دینار بووە ، كە دەكاتە ڕێژەی ٤٤٪ كۆی داهاتی ناوخۆی هەرێم، ڕێژەی لە  (٢٦ ٪ )ی كۆی خەرجییە كردارییەكان پێكدەهێنێت. 

٢-داهاتی گومرگ و دەروازەكان، ٩.٥ ترلیۆن دینار بوو بە ڕێژەی ١٩ ٪ لەكۆی داهاتی نانەوتی، ڕێژەی  لە ( ١١٪ )ی كۆی خەرجییە كردارییەكان پێكدەهێنێت.

٣-داهاتی باج و خانووبەرەی میریی كۆی گشتی ( ٥.٤ ) ترلیۆن دینار بوو بە ڕێژەی ١١٪ لەكۆی گشتی داهاتی نانەوتی، ڕێژەی لە  ( ٦٪ )ی كۆی خەرجییە كردارییەكان پێكدەهێنێت.

٤-داهاتەكانی تر، ١٣.٨ ترلیۆن دینار بووە ، بە ڕێژەی ٢٧٪ لەكۆی داهاتی نانەوتی، ڕێژەی لە ( ١٦٪)ی كۆی خەرجییە كردارییەكان پێكدەهێنێت.

كۆی گشتی داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢٥ تەنها ڕێژەی ٥٩٪ی كۆی گشتی خەرجییە كردارییەكانی پێكهێناوە.

وەك لەراگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارتایی و ئابورییدا هاتووە، كۆی داهاتی ساڵانە(نەوتی و نانەوتی) نەیتوانیووە خەرجییە گشتییەكانی(كرداری) هەرێم پڕ بكاتەوە، لە ئەنجامدا كورتهێنانی ساڵانەی یەك لە دوای یەك ڕوویداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن