راچڵەكین -
وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان، داوا لە ئێران دەكەن دەستبەجێ هێرش و پەلامارەكانی رابگرێت و گەرووی هورمزیش بەڕووی هاتووچۆی كەشتییەكان بكاتەوە.
لەمیانی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، مایك واڵتز، نوێنەری ئەمریكا رایگەیاند: ئێران سەرباری واژۆكردنی لێكتێگەیشتنەكەی لەگەڵ ئەمریكا، بەڵام تائێستاش ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنەكە فەرامۆش دەكات و خۆی لە پابەندییەكانی دەدزێتەوە.
نوێنەری ئەمریكا هۆشداریشی دایە تاران كە خەریكە ئارامگریی سەرۆك ترەمپ بەرامبەریان نامێنێت و چیتر بەرامبەر پێشێلكارییەكانی بێدەنگ نابێت.
لە كۆبوونەوەكەدا زۆربەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش، داوایان لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد، كۆتایی بە هێرش و پەلامارەكانی بۆسەر وڵاتانی كەنداو بهێنێت و دەستبەجێش گەرووی هورمز بەبێ هیچ كۆت و بەندێك بەڕووی كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكان بكاتەوە و دۆخی كەشتیوانی لە گەرووەكەدا ئاسایی بكاتەوە.