راچڵەكین -
هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان رایدەگەینن كار دەكرێت بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی كێڵگەی كۆرمۆر بە زووترین كات، دڵنیاییش بە هاووڵاتیان دەدەن كە قەیرانی غازی ماڵان ڕوونادات.
ئەمڕۆ هەینی 17-7-2026، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبای حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشدا بڵاویانكردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەكانەوە كۆمپانیای داناگاز بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر وەستاند، هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا راوەستا و بڕی 2500 مێگاوات كارەبا كەمبووەوە.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بۆ دابەشكردنی ئەو بڕە كارەبایەی كە لە وێستگە جۆراوجۆرەكانی كارەبا بەرهەم. دێت، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، تیمێكی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی راسپارد بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و بەشێوەیەكی رێكوپێك ئەو بڕە كارەبایەی هەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەش بكرێت. بۆیە تیمێكی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم بەردەوام چاودێریی دۆخەكە و رێكخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دەكات.
سەبارەت بە دابینكردنی غازی شل و پڕكردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەی ماڵان، لە راگەیەندراوە هاوبەشەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی وەرگرتووە بۆ دابینكردن پێداویستیی ڕۆژانەی غازی ماڵان و هەر ئەمڕۆ چەندین تەنكەری غاز ڕەوانەی شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
هەردوو وەزارەتەكە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانیان دڵنیاكردووەتەوە كە قەیرانی غازی ماڵان ڕوونادات و كار دەكرێت بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی كێڵگەی كۆرمۆر بە زووترین كات.