راچڵەكین -
پۆلیسی گەرمیان دەستگیركردنی چوار ژن رادەگەیەنێت كە تۆمەتبارن بە دزیكردن لە دوكانێكی جوانكاریی خانمان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی گەرمیان، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 19-7-2026 بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی خاوەنی دوكانێكی جوانكاریی خانمان لەشاری كەلار، سكاڵایەكی لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان تۆمار كرد سەبارەت بە دزینی ژمارەیەكی زۆر لە كەلوپەلی جوانكاری لە دوكانەكەی؛ تیمی لێكۆڵینەوەی بەشەكە دەستی بە هەنگاوەكانی لێكۆڵینەوە كرد.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەكاندا، چوار تۆمەتباری ژن دەستگیركران و لە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە. ئێستاش بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٤٣ی یاسای سزادانی عێراقی، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و ڕێكارە یاساییەكان لەم بارەیەوە بەردەوامن.