راچڵەكین -
سوپای رووسیا هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر ئۆكراینا چڕتردەكاتەوەو شارێكی دیكەی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ دەكات، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردووشدا زیاتر لە هەزار و 500 سەربازی ئۆكراینی لە بەرەكانی شەڕدا كوژران.
ئەمڕۆ یەكشەممە 19-7-2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان لەهێرشێكدا توانیان شاری ڤۆلنی لە هەرێمی دنیبروپیترۆڤسك-ی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا كۆنترۆڵ بكەن.
وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، هێزەكانیان لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ لە پێشڕەویی بەردەوامدان و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، هەزار و 504 سەربازی ئۆكراینی و چەكداری كرێگرتەی بیانی لە شەڕو پێكدادانەكاندا كوژراون، زیانێكی گەورەش بە جبەخانە و سەكۆ مووشەكییەكانی سوپای ئۆكراینا گەیشتووە.
لەچەند رۆژی رابردوودا هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان لەنێوان رووسیا و ئۆكراینا سەختتر بووە، سوپای ئۆكراینا بە سەدان درۆن هێرشی كردە سەر وێستگەكانی سووتەمەنی لە رووسیا و زیانێكی زۆری پێگەیاندن، لە بەرامبەردا سوپای رووسیا بەندەرەكانی ئۆكراینای بۆردومانكرد و هێرشێكی فراوانی ئاسمانیشی كردە سەر كیێڤ-ی پایتەختی ئەو وڵاتە.