راچڵەكین-
گرێی نەبوونی مێژوو، یەكێكە لە گرێ گەورەكان. كورد چونكە ڕیشەیەكی قوڵی هەیە، چونكە مێژووی هەیە، كولتوور و زمان و هونەر و كەلەپوری هەیە، ئەم گرێییەی نەبووە. نزیكەی سەد ساڵە تورك و فارس و عەرەب، لەناو ئەم گرێی نەبوونی ڕیشەی مێژووییەدا دەژین، بۆیە هەوڵیانداوە لە ڕێگەی هزری داگیركردنەوە مێژووی ئەوانی تر بكەن بە هی خۆیان! بەڵام پێیان نەكراوە، چونكە هێزی مێژوو بۆ بەرگریكردن لە ناسنامەی ڕاستەقینەكەی خۆی، لە هەموو هزرێكی داگیركەرانە بەهێزترە.
ماوەیەكە هەندێك دەنگی بێ ڕیشەی مێژووی، سەرقاڵی شێواندنن، سەرقاڵی دروستكردنی مێژوویەكی ساختەن بۆ خۆیان، سەرقاڵی ئەوەن دەیانەوێت لەو گرێی نەبوونی مێژووەدا، مێژووی كورد و ڕیشەكەی بشێوێنن و ساختەی بكەن بۆ خۆیان. خۆیان دەزانن توانای ئەوەیان نییە ڕیشەناسی بۆخۆیان بكەن و لە بنچینەی خۆیان بكۆڵنەوە، بۆیە ناچار لە ڕێگەی هزری داگیركردنەوە هەوڵی ئەوە بدەن، مێژووی ئەویتر بكەن بە هی خۆیان. هەڵبەتە ئەم هەوڵە هیچ ترسی ناوێت، چونكە مێژوو خۆی توانای بەرگریكردنی هەیە لە ناسنامە ڕاستەقینەكەی خۆی. ئێمە ئەم هەوڵە بێ بەرهەمە دەكەین بە بیانوێك بۆ ئەوەی بە خێراسی سەرنجێك لە ناسنامە ڕاستەقینەكەی مێژووبدەین، بە تایبەت مێژووی دوو شاری وەك_هەولێر و كەركوك_ كە بەردەوام هێرشی داگیركەریان لەسەرە بۆ ئەوەی دەستكاری ناسنامەكەیان بكرێت.
هەولێر ڕیشەیەكی قوڵی هەیە، لەناو شارستانییەتی هۆریاییەكاندا_خۆرییەكان_ لە دایكبوونەكەی دەدۆزرێتەوە. هۆریاییەكان یەكەمین گەلن بناغەی شاری هەولێریان داڕشتووە و لە پەرستگەیەكەوە كردوویانە بە شار. وشەی هەولێری ئێستا، كە ناوی شارەكەیە، لە ڕاستیدا وشەیەكی ئیلامییە. شارستانییەتی ئیلام، كە لوڕ و كەلهوڕ و فەیلی و لەك و بەختیارییەكان دەتوانن خاوەندارییەتی بكەن، یەكەمین شارستانییەتە لە دەقەكانیاندا ناوی_هەربێرا و هەروێل_ دەهێنن. ئەم ناوە ئیلامییە گۆڕاوە بۆ هەولێر. سۆمەرییەكان بەم شارە دەڵێت: ئوربیلوم. ئەكەدی و ئاشوورییەكان لە كاتی داگیركراییەكەیاندا بە ناوی_ئوربێل ەوە ناوی دەبەن و بەناوێكی تریشەوە ناوی دەبەن وەك_ئی كشان كلاما_، بەواتای _ماڵی خاتوونەكەی هەرێم_ دێت. ئەم ناوە هێمایە بۆ ئەوەی، لە بونیادەوە قەڵاكە بۆ پەرستگەی خوداوەندە دایك دروستكراوە، هەمیشە نشنیگەی خوداوەندە دایك بووە. كاتێك تەماشای مێژوو دەكەین، دەتوانین بڵێین: تا ئێستا هیچ دەقێكی سۆمەری، ئەكەدی، ئاشووری، بابلی، شك نابەین جوریەتی ئەوە بكەن، بڵێن: ئەم شارە ئێمە دروستمان كردووە.
هەموو سەرنجەكانی مێژوونووسەكانیش بۆ ئەوە دەچێت، ئەمە شارێكی دێرینی زاگرۆس نشینە، شارێكە گەلی زاگرۆس نشین دەتوانێت خاوەندارییەتی بكات. واتە: شارێكە سەر بە خواروی مێزۆپۆتامیا نییە، بەڵكو سەر بە مێژووی هۆریاییە.(هۆریاییەكان بونیادنەری كولتوور و شارستانییەتی زاگرۆسن، پاش ئەوان سۆباری دێن، دوای سۆباری گوتی، پاشان میتانی و لولوب و ئۆرارتووی و مانایی و ماد و ئەشكانی. ئەم گەلانە خاوەنداریەتی مێژووی زاگرۆس نشینی دەكەن، كە ئەمڕۆ نەوەكانیان كوردەكان.)
كەركوك. شارێكی هۆریاییە، لە بنەڕەتدا ناوی_ئارابخایە. دوای داگیركردنی ئەكەدییەكان، ناوەكەی گۆڕا بۆ _كوركوا و كاركوك. هەردوو ناوەكە هی سەردەمی داگیركردنن. واتە: ئەم ناوەی ئێستا ئێمە بەكاری دەهێنین، ناوی ڕاستەقینەی شارەكە نییە و لەسەردەمی داگیركارییەكەدا ئەم ناوی بەسەردا سەپێنراوە. ئەم شارە لە سەردەمی گوتییەكاندا، كە نەوەی سێهەمی زاگرۆسن و دوای سۆبارییەكان دێن، دەبێت بە پایتەختی ئەو ئیمپڕاتۆرییەتە. گوتییەكان ئیمپڕاتۆرییەتێكی مەزنیان هەبوو، نزیكەی سەدوبیست ساڵ حوكومڕانی هەموو میزۆپۆتامیایان كرد و لە شاخەكانی زاگرۆسەوە هاتبوونە خوارەوە و سیستەمی پاشاییەتییەكەیان، بە شێوازی ئەنجومەن بووە. (مێژووی دێرینی زاگرۆس دوو ئیمپڕاتۆریەت و شەش شانیشینە.)
ئێمە دەزانین مێژووی شاری هەولێر و كەركوك، مێژووی زاگرۆسە و هۆریاییەكان بناغە دانەرین، دەشزانین شاری ئوركیشی نزیك ئێستای شاری حەسەكە، پایتەختی هۆریاییەكانە، بەپێی هەڵكۆێینەكان. دەشزانین هەریەك لە شارەكانی_ئورفا، ئوركیش، سەرێ كانی، ئوربێل، ئارابخا، ئورمییە، كرماشان، هەمەدان، ئیلام، شوش، هتد. شاری زاگرۆسین و سەربەشارستانییەتی زاگرۆسن. دەشزانین بەردەوام لە بەردەم هێرشی داگیركاریدابوون بۆ ئەوەی مێژووەكەیان و ناسنامەكەیان بشێونرێت، بەڵام هەموو هەوڵەكان شكستیان هێناوە و ئەم شارانە و چەندین شاری تری مێژووی دێرین، ئێستا كورد دەتوانێت خاوەندارییەتی مێژووەكەیان بكات.
ئێستا هەندێكجار دەنگێكی ناهوشیار دەبیستین بۆ شێواندنی مێژوو و ناسنامەی ئەم شارانە و شوێنانی تر، ئەم دەنگانە لەبەردەم مێژوودا هیچ واتایەكیان نییە. بەڵكو گرێی نەبوونی مێژووە، هەرچۆن ئەمڕۆ هەولێر و كەركوك بووتە گرێ بۆ ئەوەی مێژووەكەی بشێوێنن، شارەكانی ئورمییە و كرماشان و قارس و ئەفرین و مەنبەج و چەندین شاری تر، بۆ عەرەب و تورك و فارسەكان بووەتە گرێ. ئێمە دەزانین عەرەب لەسەردەمی ئایینەوە دەستیانكردووە بە داگیركردن و هاتوونەتە میزۆپۆتامیا، دەشزانین فارسەكان پێش هاخامەنشی هیچ ڕیشەیەك شك نابەن و، هاخامەنشیش نیشتەجێی ناو مێژووی مادە و میراسی ئەو دەخوات. لە پاڵ ئەمەدا هوشیارین بەوەی، پێش سەدەی یانزەی زایینی هەموو خاكی میزۆپۆتامیا یەك توركی لێ نەبووە، ئەو خاكەشی ئێستا لەسەری دەژین و كردویانە بەناوی خۆیانەوە، هی ئەرمەن و یۆنانی و بیزەنتییەكانە.
كاتێك ئەمە مێژووی ئەوان بێت، بێگومان هەمیشە بۆ ئەوە دەگەڕێن ئەو درزە كە بووەتە گرێی مێژوو بۆیان پڕی بكەنەوە، تاقە دەروازەیەكیش بۆ پڕكردنەوەی هیچ شك نابەن، جگە لە هزری داگیركردن. ڕوونە بە هاوكاری خۆرئاوایەكان توانیانە خاكی كورد داگیربكەن و دابەشیكەن بەسەر خۆیاندا، توانیانە دەیان دەنگی نۆكەر لەناو كوردا دروست بكەن، توانیانە بەشێك لە هونەر و كەلوپەری كورد بدزن، بەڵام هەرگیز ناتوانن لەناو قوڵایی مێژوودا ڕیشە بۆخۆین دروست بكەن و دەبێت بەو گرێیەوە بمێننەوە، لە هەمانكاتدا ناشتوانن ناسنامەی مێژوویی بگۆڕن. بۆیە بەرگریكردن لە ناسنامەی مێژووی شارەكان، شوێنەكان، هونەر و كولتوورەكەمان، هێندە ئاسانە، بەچەند ڕستەیەك بیرۆكەكەیان هەڵدەوەشێتەوە.
- لە داهاتوودا بە وردی ئیش لەسەر مێژووی ئەو حەوت هەزارساڵەی شاری هەولێر دەكەم , بە شێوەی گێڕانەوە_ لە دروستبوونەكەیەوە بۆ سەردەمی ڕاپەڕین دەكەم بە ڕۆمان، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بزانن ئەم شارە چییە و هی كێیە و چی بینیوە و داگیركەرەكانی ویستویانە چی لێ بكەن.
ئا/ نەبەز گۆران