وردەكاریی ڕێككەوتننامەی هاوبەشی بەرگریی مەككە ئاشكرا دەكرێت

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 222

راچڵەكین -

توركیا وردەكارییەكانی ڕێككەوتننامەی هاوبەشی بەرگریی مەككە، ئاشكرا دەكات، كە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن هەرسێ وڵاتی توركیا، سعوودیە و پاكستانەوە واژوو كرا.

بەپێی ئەو زانیارییەی كە میدیای فەرمیی توركیا لە بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە دەستی كەوتووە، ڕێككەوتننامەی مەككە كە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و شەهباز شەریف، سەرۆكوەزیرانی پاكستانەوە واژوو كرا، هیچ وڵاتێك ناكاتە ئامانج و خاوەنی تایبەتمەندی هاریكاریی بەرگرییە كە ئامانجی بەهێزكردنی پابەندبوونەكانە بەرەو پاراستنی ئاشتیی، سەقامگیریی و خۆشگوزەرانیی هەرێمایەتیی و جیهانی لەسەر بنەمای دابەشكردنی ئەركەكان و تێگەیشتنی ئاسایشی هاوبەش.

ڕێككەوتنەكە ئامانجی بەهێزكردنی پشتیوانیی بەكۆمەڵە بەرامبەر هەر جۆرە شەڕانگێزی و دەستدرێژییەك، پێشبینیی ئەوەش دەكات هەر هێرشێكی چەكداریی بۆ سەر هەر یەكێك لەو سێ دەوڵەتە، وەك هێرش بۆ سەر هەموویان ئەژمار دەكرێت.

ڕێككەوتننامەی مەككە وەك ئەنجامێكی بەرجەستەی كارە دیپلۆماسییە درێژخایەنەكان دەبینرێت، كە لە ژێر ڕۆشنایی بنەمای خاوەندارێتی هەرێمییدا بەڕێوەبراون بۆ بنیاتنانی زەمینەی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش بەرامبەر هەڕەشە ئەمنییە پەرەسەندووە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەكان.

ڕێككەوتنەكە جگە لە پابەندبوونی سێ وڵاتەكە بە پشتیوانیكردنی ئاسایشی یەكتری، خاوەنی تایبەتمەندی ڕێكخستنێكی بەرگرییە كە ئامانجی پەرەپێدانی هاریكاریی پیشەسازی بەرگریی و توانای كاركردنی هاوبەشی سەربازییە.

ڕێككەوتننامەی مەككە كە بە واتای دابڕان لە هیچ هاوپەیمانی یان ڕێككەوتنێك نایەت، تەواوكاری ئەو پەیوەندیە هاوپەیمانییانەیە كە ئێستا هەن، ئاسایشی ناوچەكە بەهێز دەكات و زەمینەیەكی هاریكاریی ئاوەڵا بۆ بەشداری وڵاتانی دیكەی ناوچەكە دروست دەكات.

هەورەها ڕێككەوتننامەی هاوبەشی بەرگریی مەككە خاوەنی تایبەتمەندی ڕێككەوتنێكە كە پەیوەندیە برایەتییە ڕیشەدارەكانی نێوان هەرسێ وڵاتەكە پتەو دەكات و، جگە لە بەرگریی خۆیان، بەشداری لە ئاسایشی هەرێمیی و جیهانیشدا دەكات.

ڕێككەوتنەكە وەك هێزێكی پشتیوانیكاری ئاشتیی، ئارامیی و ئاسایش لە ناوچەكەدا دەبینرێت.

بەرپرسان ئاماژە بەوە دەكەن ئەندامێتی توركیا لە ناتۆ و هاوبەشییە هەرێمییەكانی، جێگرەوەی یەكتری نین، بەڵكو پێكهاتەی تەواوكارن كە دابەشكردنی ئەركی ئاسایش دەستەبەر دەكەن و، دەڵێن: "ئەم ڕێككەوتنە بەرەیەكی سەربازیی شەڕانگێز، هەوڵی گەمارۆدان یان پلانی هێرشكردن نییە، بەڵكو هەنگاوێكە بەشداری لە ئامانجی ناوچەی بێ تیرۆر دەكات بەرەو دەستەبەركردنی سەقامگیریی هەرێمیی".

هاوكات بەرپرسان بە جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی ڕێككەوتننامەی مەككە هیچ وڵاتێك ناكاتە ئامانج و كەناڵەكانی گفتوگۆی ئێستا داناخات، ئاماژەیان بەوە كرد ڕێككەوتنەكە هێرشی چەكداری بۆ سەر یەكێك لە لایەنەكان وەك هێرش بۆ سەر هەموویان ئەژمار دەكات، بەو پێیەش ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان، پابەندبوونی بەرگریی هاوبەش، بەرگریی ڕەوا و ئاسایشی هاوبەش پشتڕاست دەكاتەوە.

بەرپرسان ئەوەشیان خستەڕوو ئەم ڕێككەوتنە تەنیا پابەندبوونی هەرسێ دەوڵەتی واژووكاری نییە بۆ پشتیوانی كردنی بەرگریی یەكتری، بەڵكو هاوكات بە تەواویی خاوەنی تایبەتمەندی بەرگرییە بۆ زیادكردنی هاریكاریی پیشەسازی بەرگریی و توانای كاركردنی هاوبەش.

میدیای فەرمیی توركیا ئاشكرایكردووە، لە ڕوانگەی حكومەتی ئەنكەرە ڕێككەوتننامەی هاوبەشی بەرگریی مەككە بە هەموو واتایەك لە ئاستێكی مێژووییدایە بۆ ناوچەكە و جیهانی ئیسلامیی و، هەیكەلی ئاسایش لە ناوچەكەدا بە ڕێككەوتننامەی مەككە سەرلەنوێ داڕێژراوەتەوە.

بەرپرسانی توركیا ئاماژەیان بەوە كرد وڵاتەكەیان بە واژووكردنی ڕێككەوتنەكە، پەلكێشی پێكدادانەكانی دیكە نەكراوە، بەڵكو كاریگەریی و ئەزموونی هەرێمیی خۆی لەگەڵ كاراكتەرە بەهێزەكانی ناوچەكە یەكخستووە و، ڕایانگەیاند: "توركیا واژووی لەسەر ڕێكخستنێك كردووە كە لە كەشوهەوای ئاسایشی نێودەوڵەتیی ئاڵۆز و ناجێگیردا بژاردەكانی هاریكاریی دەوڵەمەندتر دەكات. واژووكردنی ڕێككەوتننامەی مەككە لەلایەن توركیاوە بە بەهێزكردنی ئاسایشی ڕێگا بازرگانیە دەریاییە جیهانییەكان، بەشداری لە هەناردەكردن، دابینكردنی وزە و سەقامگیریی ئابوورییدا دەكات. بەشداری كردن لە ڕێككەوتنەكە بە واتای ناردنی سەربازی توركیا بۆ هەر قەیرانێكی هەرێمیی نایەت. بڕیارەكانی بەكارهێنانی هێز و ئۆپراسیۆنی سەربازی لە چوارچێوەی نەزمی دەستووری و میتۆدەكانی بڕیاردانی نیشتمانییدا دەدرێن".

بە جەختكردنەوە لەوەی ڕێككەوتنەكە زیان بە پابەندبوونی توركیا بە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان ناگەیەنێت، بەرپرسان ڕایانگەیاند: "هێڵی برایەتی كە لە ئانادۆڵەوە تا حیجاز، لە ئیسلام ئابادەوە تا ڕیاز درێژ دەبێتەوە، نوێنەرایەتی بەها هاوبەشەكان و ئیرادەی ئەو گەلانە دەكات كە لە كاتە سەختەكاندا پشتیوانی یەكتر دەكەن. هاریكاریی ڕێككەوتننامەی مەككە لە نێوان توركیا، پاكستان و سعوودیەدا پاشخانی ستراتیجی ئەمڕۆی بەرپەرسیارێتییەكی مێژووییە. پەیوەندییەكانی نێوان توركیا، پاكستان و سعوودیە تەنیا لەسەر بەرژەوەندی نێوان دەوڵەتەكان نییە، بەڵكو لەسەر مێژووی هاوبەش، بڕوا، پەیوەندیە برایەتییەكان و هاودەنگیی وەستاون".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن