راچڵەكین-
پۆلیسی فەڕەنسا پلانێكی بۆ ڕفاندنی كیلیان مپاپێ ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتەو یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرا كرد كە لەلایەن گەنجێكی تەمەن 18 ساڵ لەنێو زیندان ئامادەكراوە.
ڕۆژنامەی " لۆ باریزیان"ی فەڕەنسی بڵاویكردووەتەوە، ئەو كەسەی پلانی ڕفاندنەكەی داڕشتووە ناوی كلیمان-ەو بە " لیستەر زێد" ناسراوەو، بەهۆی ئەنجامدانی چەند تاوانێكی وەك دەستدرێژی و دزی زیندانی كراوە.
بەگوێرەی گێڕانەوەكان بێت، لیستەر زێد لیستێكی 26 كەسی ئامادەكردووە بۆ بەئامانجگرتنیان كە كەسانی دەوڵەمەند، زەڕەنگەر، گۆرانیبێژێكی ڕاپ، بازرگان و مپاپێیان لەنێودا بووە.
ڕۆژنامەكە دەڵێت، لەو كاتەی لیستەر لەزیندان بووە، لەلایەن پاسەوانی زیندانەكەوەو دەست بەسەر دوو مۆبایلیدا گیراوە كە بەكاریهێناون و دوای پشكنینیان، لە سەكۆی سناپ چات ناوی ئەو 26 كەسایەتییە دۆزراوەتەوە كە گوماندەكرێت هەوڵی بەئامانجگرتنی دابن لەڕێی تۆڕێكەوە لەدەرەوەی گرتووخاتنەكە كە كاریان لەگەڵیدا كردووە.
دوای ئاشكرابوونی پلانەكەی لیستەر سەرباری ئەوەی دانی بەوەدا نا كە ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراون مەترسیدارە، لەهەمان كاتدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو پلانداڕێژەری ئەو كارە نەبووە، بەڵكو تەنها نێوەندگیربووە لەنێوان ئەو كەسانەی كردەكان ئەنجامدەدەن لەدەرەوەو بەرپرسێك كە بەنادیار وەسفی كردووە.
داواكاری گشتی فەڕەنساش لەسەر ئەو دۆسێیە ئاماژەی بەوەكردووە، " زیندانی تاكە كەسی" تاكە هۆكارە كە بەهۆیەوە ڕێگە لە لیستە بكرێت چالاكییە تاوانكارییەكانی ئەنجامبدات و بەڕێوەیان ببات.