شەڕی ئێران و ئەمریکا ئاستەنگ بۆ چەکداماڵینی عێراق دروست دەکات

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 48

راچڵەکین-

گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەگەری بەکارهێنانەوەی خاک و ئاسمانی عێراقیان بۆ هێرشکردنە سەر تاران هێناوەتەوە ئاراوە، ئەمەش هەوڵەکانی حکومەتی بەغدای بۆ داماڵینی چەک لە دەستی دەوڵەتدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جدی کردووەتەوە و ساتی یەکلاکردنەوەی ئەو پرسەی تا کۆتایی ئەم مانگە ئاڵۆزتر کردووە.

 

میدیا عەرەبییەکان لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادارەوە ئاشکرایان کردووە: واشنتن داوای هێشتنەوەی هێزەکانی کردووە لە ژێر ناوی ڕاوێژکار و مەشقپێکەردا لە دوای وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە 30ی ئەم مانگەدا، ئەم بڕیارەش گومان لەسەر ویستی کشانەوەی ئەمریکا دروست دەکات و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەخاتە بەردەم دۆخێکی ئاڵۆزەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپابوونەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان هەڵوێستی حکومەت بەرامبەر گروپەکان ڕێکدەخاتەوە، لە کاتێکدا لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم ئاڵۆزییە دەگاتە بازاڕەکانی وزە و مەترسی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دروست دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی جدی بووەتەوە و عەممار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانیش هۆشداری داوە لە مەترسی ڕاوەستانی هەناردەی نەوت و داوای جیاوازکردنی 

سەرچاوەکانی داهاتی کردووە.

 

لە لایەکی ترەوە، دانوستانەکانی لایەنەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" لە ڕێگەی کۆمیتەیەکەوە لەگەڵ سەرکردەی گروپە چەکدارەکان بەردەوامە، بەڵام بەرەی بەرگری جەخت لەسەر چەند مەرجێک دەکاتەوە، لەوانە سەربەخۆیی بڕیاری چەکداگرتن، پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی، ڕەتکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا و نەبەستنەوەی پرۆسەکە بە وادەیەکی دیاریکراوەوە.

 

 لە هەمان کاتدا گروپە چەکدارەکان، بە پشتبەستن بە لێدوانەکانی کازم فەرتووسی وتەبێژی کەتائیبی سەیدولشوهەدا، چەکەکانیان وەک ئامرازێکی بەرپەرچدانەوە دەبینن و ڕادەستکردنی ڕەت دەکەنەوە تا ئەو کاتەی سەروەری 

تەواوەتی عێراق بەدەستبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن